کوردستان میدیا: لە درێژەی چالاکییە تەبلیغییەکانی تایبەت بە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز لە شارەکانی کوردستان، تێکۆشەرانی دێموکرات لە سنە، پیرانشار و بۆکان، بە گرتنی ڤیدیۆ و نووسینی دروشم، پیرۆزبایی ئەم ڕۆژەیان لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی سەرماوەز، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانەوە چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
تێکۆشەرانی دێموکرات لە سنە، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی ڤیدیۆیی، پیرۆزباییان لە پێشمەرگەکانی مەتەرێزی شاخ و شار کردووە و تراکتی تایبەت بە ڕۆژی پێشمەرگەیان لە کێوی ئاویەر بڵاو کردووەتەوە.
ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە "ئەندێزێـ"ـی پیرانشاریش، بە نووسینی دروشمگەلێکی وەک: "ڕاسان درێژەی هەیە"، "پێشمەرگە باسکی بەهێزی گەلە"، "پێشمەرگە هێمای خەباتی شار و شاخ" و بڵاوکردنەوی ئەم دروشمانە، پیرۆزبایی خۆیان لە پێشمەرگەکان کرد و ٢٦ی سەرماوەزیان بەرز ڕاگرت.
هەروەها ڕۆڵە چاونەترسەکانی دێموکرات لە بۆکان، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێری تایبەت بە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز و هەروەها وێنەی شەهیدی نەمر، دوکتور قاسملوو، لە گەڕەکەکانی "کولتەپە، شەهرەک، شەقامی نوور و کووی فەرهەنگییان"، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.