کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییە تەبلیغییەکان بەبۆنەی ٢٥ گەلاوێژەوە درێژەی هەیە

13:20 - 26 گەلاوێژ 2720

لە درێژەی چالاکییە تەبلیغییەکان، قارەمانانی دێموکرات لە شار و گوندەکانی کوردستان بە شێوەی جۆراوجۆر ڕێزیان لە ٧٥ ساڵ خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گرت.

ئەندامان و لایەنگرانی ئەمەگناسی دێموکرات لە "مەریوان" لە گەڕەکی "مووسک دوو" و چەند شوێنێکی دیکەی نێو شار یووبیلی ئەڵماسیی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتیان بڵاو کردووەتەوە.

هەروەها ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە گوندەکانی "گۆگجە" و "تۆراختەپە" سەر بە ناوچەی سەرشیوی مەریوان لە دوو پەیامی جیاوازدا پیرۆزبایی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی حیزبیان کرد.

لە گوندەکانی "نییەر" و "سەرڕێز" سەر بە ژاوەرۆی سنە، چالاکیی بەرینی تەبلیغی بەڕێوە چوو و سپای تێرۆریستی پاسداران لە گوندی نییەر لە ترسی چالاکیی بەرینی تەبلیغی لەو گوندە تەقەیان بەسەر گوند و خەڵکدا کردووە و ویستوویانە خەڵکی ئەو گوندە چاوترسێن بکەن.

هاوکات لە شاری "قەڵای جوانڕۆ" پێشمەرگەکانی شار لەسەر تەپۆڵکەی زاڵ بەسەر شاردا ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان هەڵ کردووە و لە هەموو شارەوە بە جوانی بینراوە، هەروەها لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە مێژووییەیان لە گەلی کورد و بنەماڵەی شەهیدان و کادر و پێشمەرگەکانی حیزب کردووە.

هەر لە "جوانڕۆ" و لە چالاکییەکی دیکەدا چاونەترسانی دێموکرات لە گەڕەک و شەقامەکانی "جانبازان، پشتی جەنگەڵبانی، پاسداران و هەڵانی" پلاکاردی پیرۆزبایی ٢٥ی گەلاوێژیان هەڵواسیوە و چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.

پێشمه‌رگه‌كانی‌ شار له‌ ‌ "سه‌قز" به‌بۆنه‌ی‌ ٢٥ی‌ گه‌لاوێژ، ٧٥ـه‌مین ساڵڕۆژی‌ دامه‌زرانی‌ حیزبی‌ دێموكرات، ئاڵای‌ كوردستانیان لە کێوی "نۆکەجاڕ" زاڵ بەسەر ساڵحاوا هه‌ڵ كردووە.

لە درێژەی چالاکییەکان بەبۆنەوەی ٢٥ی گەلاوێژ، تێکۆشەرانی دێموکرات لەنێو شاری "مەهاباد" و گوندەکانی "بەیرەم، بەرەجۆ، میرەدێ، خاڵدەلیل، پیرمکائیل، عەینەمەلا، قەرەقشلاق، قزڵقۆپی، گاپیس و قجی ئاوا" چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

پێشمەرگەکانی شار لە "پیرانشار" بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پوستێری پیوەندیدار بە ٢٥ی گەلاوێژ یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبەکەیان بەرز ڕاگرت.

ئەو شوێنانەی پیرانشار کە چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: "زەوییەکانی پاداش، قوتابخانەی کارودانش و فەلەکەی ئەوراز".

ئەندام و لایەنگرە چاونەترسەکانی دێموکرات لە گوندی "تەنگیسەر" لە " کێوی پیرەژن، سارایی ئاغەلییە، قۆلی قەڵا، بان تازاوا و ڕێگای ئاوایی و نێو کۆڵانەکانی گوند" بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" یادی ٢٥ی گەلاوێژیان بەرز ڕاگرت.

لە گوندی "نزار" سەر بە ژاوەرۆی سنە ماندوونەناسانی دێموکرات لە یادی ٧٥ ساڵەی یووبیلی ئەڵماسیی حیزبی دێموکراتدا چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە و لە شوێنە جیاجیاکانی گونددا تراکت و پوستێریان بڵاو کردووەتەوە.

هەروەها ئەندامان و لایەنگرانی بەبڕشتی حیزبی دێموکرات لە "نەغەدە" بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژەوە چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ئەو گەڕەک و شەقامانەی "نەغەدە" کە چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە "دەشتی قوڕە، بەگم قەڵا، قوتابخانەی ئێرشاد، کۆڵانەکانی پشت مزگەوتی سەید کەماڵی، دوکتور لوتفی، دادگا و شەقامی باڵقچی" و هەروەها لە گوندی "گەرگوولی خوارێ" ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان هەڵ کرد و ڕێزیان لەو ڕۆژە پیرۆزە گرت.

لە "بۆکان" ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات بەبۆنەی بەرزڕاگرتنی ٢٥ی گەلاوێژەوە باڵۆنی شینیان لە سێ شوێنی "بەردە زەرد و کێوە ڕەش و ناڵەشکێنە" هەڵ داوە و ئەو چالاکییە بووە جێگای خۆشحاڵیی خەڵکی بۆکان و ناوچەکە.

ئەندامان و لایەنگرانی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات لە "خوراسانـ"ـی کوردانەوە و لە شاری "بێجنوورد" بەبۆنەی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتەوە چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هاوکات لە "بانە" خەباتگێڕانی دێموکرات تراکت و پوستێری پەیوەندیدار بە ٢٥ی گەلاوێژیان بڵاو کردووە و وەفاداریی خۆیان بە ڕێبازی حیزبەکەیان دووپات کردووەتەوە.

هەروەها لە "پاوە" ئەویندارانی ڕێبازی دێموکرات بە نووسینی دروشمی حیزبی و بڵاوکردنەوەی تراکت و پوستێر یادی یووبیلی ئەڵماسیی حیزبیان بەرز ڕاگرت.

وەفادارانی قوتابخانەی گەلاوێژ لە "تاران" بە شێوەی بەربڵاو چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و لەگەڵ ئارمان و ئامانجەکانی دێموکراتدا پەیمانیان نوێ کردووەتەوە.