کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییە تەبلیغییەکان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژەوە بەردەوامە

12:25 - 21 گەلاوێژ 2720

لەلایەن قارەمانانی دێموکراتەوە بەبۆنەی ٧٥ ساڵەی دامەزاندنی حیزبی دێموکرات لە شار و گوندەکانی کوردستان چالاکیی تەبلیغی بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی گەلاوێژ، ئەندامان و لایەنگرانی بەوەجی حیزبی دێموکرات لە "سەردەشت" بوێرانە دەستیان داوەتە چالاکیی تەبلیغی و بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پوستێر و هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەر لەو پێوەندییەدا لە گوندەکانی ناوچەی "پیرمحەممەد"ی بۆکان، ئەندامان و لایەنگرانی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژەوە چالاکییان بەڕێوە برد.

ئەو گوندانەی بۆکان کە چالاکییان تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: "قەره‌داغ، ده‌روێشان، قزڵگومبه‌د، قه‌ره گوێز، شاریکەند، عەیش ئاباد، چوار ديوار، باغچه، سه‌یداواى قاجر، جه‌مۆغه، مەحمودئاوا، كانى پانكه و بوغده داغى و هه‌روەها له سێڕێیانی خوڵاماڵی".

هەروەها لەنێو شاری "بۆکان" لە زۆربەی شەقام و پاساژەکانی ئەو شارەدا بە بڵاوکردنەوەی نوقڵ و شیرینی یادی ئەو ڕۆژە مێژووییەیان بەرز ڕاگرت.

دڵسۆزانی دێموکرات لە گوندی "ڕەحیم خان" لە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان چوونەتە سەر شاخی ئاڵەشین و ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان هەڵ کردووە و تا درەنگانێکی شەو ئاڵاکە شەکاوەتەوە.

وەفاداران بە ڕێبازی دێموکرات لە شارۆچکەی "گوێکتەپە"ی مەهاباد ماندوونەناسانە چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

تێکۆشەرانی دێموکرات لە گوندی "سەردۆشـ"ـی مەریوان بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی ڕێزیان لە ٧٥ ساڵ خەباتی پڕ لە شانازیی حیزبەکەیان گرت.   

قارەمانانی دێموکرات لە "سنە"ی خوێناوی لەسەر کوچکەڕەش چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و وەفاداریی خۆیان بە ڕێبازی حیزبەکەیان دووپات کردەوە.

لە "شنۆ"ی قارەمانانەوە، تێکۆشەرانی دێموکرات یادی ٢٥ی گەلاوێژیان بەرز ڕاگرت و چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لە "پاوە"ی قەڵای خۆڕاگرییەوە بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو ڕۆژە پیرۆزە بە  بڵاوکردنەوەی تراکت و پوستێری تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژ، ئەمەگناسیی خۆیان بە ڕێبازی حیزبەکەیان نیشان دا.

لە "تەنگیسەر"ی هەمیشە دێموکراتەوە بۆ چەندمین جار چالاکیی تەبلیغی بەڕێوە چووە و یادی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی حیزبە پێشەنگەکەی خۆیانیان بەرز ڕاگرت.