کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییە تەبلیغییەکان لە کوردستان بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕەوە درێژەی هەیە

11:58 - 24 پووشپەڕ 2720

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شارەکانی "سەقز، سەردەشت و پیرانشار" چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

قارەمانی دێموکرات لە شاخی "ڕووشـ"ـی سەقز، شوێنی حەماسەخولقێنی و شەهیدبوونی شەهید "حەکیم ڕەزایی"، بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی و نووسینی دروشم و نووسراوەی حیزبی، یادی پێغەمبەری ئاشتییان بەرز نرخاند.

تێکۆشەرانی دێموکرات لەو چالاکییەدا بە نووسینی دروشمگەلی "قاسملوو لە ڕێبازیدا زیندووە"، "بژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" و "سەرکەوێ ڕاسان"، تێرۆریزمی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان مەحکووم کرد و لەگەڵ ڕێباز و ئامانجەکانی شەهید دوکتور "قاسملوو" پەیمانیان نوێ کردەوە کە درێژەدەری ڕێگای پڕسەروەریی شەهید دوکتور "قاسملوو" و  شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستانن.

هەروەها لە "سەردەشتـ"ـی دێموکراتەوە، ئەندامان و لایەنگرانی وەفادار بە ڕێبازی هەرمانی دوکتور "قاسملوو"ی مەزن، لە بازاڕچەی "دایکان" بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پوستێری تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ڕێبوارانی ڕێبازی دوکتور "قاسملوو" لە "پیرانشار"ی هەردەم لە سەنگەرەوە، لە ڕێگای نێوان مەهابادـ پیرانشار، لە شوێنێک بە ناوی "سەری مەیدان"، بە کێشانەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان وەفاداریی خۆیان بە ئامانج و ڕێبازی حیزبی دێموکرات نیشان دا.