کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری پاوە چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بۆ پشتیوانی لە پێشمەرگە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، باڵندەکانی کۆساڵان لە پاوە، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، لە نێوان دوو مۆڵگەی سەر بە سپای تیرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم، پشتیوانییان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەباتی پێشمەرگە کرد.
ئەو شوێنانەی ئاڵای پیرۆزی کوردستانی لێ هەڵکراون، بریتین لە:
ڕێگای نێوان بنکەی سپای تێرۆریستی پاسداران لە "دووریسان" و "پایگای پاسەوانی سنووری گشتیی پاوە"، پایەگای بەسیجی وەحدەتی ئیتلاعاتی گشتی پاوە"، "فەلەکەی فەرمانداری هەڵکەوتوو لە دەکەڵی هەواری کوتێڵ" و " شاخەکانی ئاتەشگا'' کە نزیکەی ٦٠٠ مێتر لە شاری پاوە دوورە کە لە گوندەکانی "نۆریا، خانقا، شارۆچکەی چۆڕژی، دووریسان، بەندەرە، سەرکران، نۆسمە، شمشێر، دشە، دەرەویان، مەیوان، سەریاس، میراوڵی، ئاریەت، بانەوڕی، تین زەردووی و تازاوا" شەکانەوەی ئاڵای کوردستان دەبیندرا.
هەر لەم پێوەندییەدا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە نووسینی دروشمی "بژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران"، ''بژی ڕاسانی شار'' و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و جامانە، لە کێوی ناڵەشکێنە و گەڕەکی مەجبوورئاوای شاری بۆکان، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان، بۆ پشتیوانی لە خەباتی پێشمەرگە و ڕاسان بەڕێوە برد.