کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییە تەبلیغییەکان لە کوردستان بەردەوامە

13:14 - 6 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کورستانی ئێران، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

شەوی ٥ لەسەر ٦ی بانەمەڕ، ئه‌ندامان ‌و لایه‌نگرانی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران، له‌ شاری‌ مەریوان، به بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت، چالاكیی‌ به‌رینی‌ ته‌بلیغییان به‌ڕێوە برد.

تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری مەریوان، تراکت و پۆستێری تایبەت بۆ پێشوازی لە پەیامی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان، کە ڕوو لە ئەندامانی کورد لە نێو ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران بوو، لە شوێنەکانی وەک: ڕێگای دزڵی- مەریوان، ڕيگای مەریوان- سەقز، بنداوی گاڕان، ڕێگای مەریوان بۆ سنووری باشماخ، سەیرانگای بێلوو، کانی خەیاران، دەربندی دزڵی، سەیرانگای باراماوا و هەروەها ڕێگای گوندەکانی: کاڵ، دگا شێخان، زەلکە، سیاناو، ڕێگاکانی مێرەسوور بڵاو کردەوە.

هاوکات ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە گوندی نییەر لەگەڵ شەهیدانی ڕێگای ئازادی بەڵێنیان نوێ‌ کردەوە .

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، لە گوندی نییەر، سەربە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، به دانانی ئالای کوردستان، جامانە و وێنەی شەهیدان بۆ جارێکی تر پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە.