کوردستان میدیا: ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە چەند شاری کوردستان و ئێران بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شەوی دووشەممە، ١٨ی سەرماوەز، ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە چەند شاری کوردستان و ئێران، چالاکیی تەبلیغییان بە بۆنەی هاتنی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان ئەنجام دا.
ئەو شارانە کە چالاکیی لێ ئەنجام دراوون بریتی بوون لە شارەکانی: "مەریوان، شیراز، ساین قەڵا و سنە".
خاکیپۆشانی شەقام بە نووسین و وتنەوەی دروشمی تایبەت بەو ڕۆژە، پشتیوانیی خۆیان لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەربڕی و هەروەها ئەو ڕۆژەیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت.
دروشمەکانی ئەو چالاکییە بریتی بوون لە: "پیرۆز بێت ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان و ٢٦ی سەرماوەز لە پێشمەرگەی دێموکرات پیرۆز".
هەروەها چاونەترسانی دێموکرات لە شاری سنە و شیراز پەیامی پیرۆزباییان بەبۆنەی ئەو ڕۆژەوە بڵاو کردەوە و پشتیوانیی خۆیان لە پێشمەرگە و ڕق و قینیان لە داگیرکەر دەربڕی.
ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە نیشانەی ئەمەگداری بەرانبەر به خەباتی پێشمەرگە لە شاخ و شار، لە شار و گوندەکانی کوردستان چالاکیی تەبلیغی بەڕێوە دەبەن.