کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییە تەبلیغییەکان لە کوردستاندا بەردەوامە

13:03 - 12 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەردەوام چالاکیی بەرینی تەبلیغی لە شارەکانی کوردستاندا بەڕێوە دەبەن و دڵی تاریکپەرستان دێننە لەرزە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێشەممە، ١١ی پووشپەڕ، تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری بۆکان، لە بەرەبەری نزیکبوونەوەی ٢٢ی پووشپەڕدا، بە بڵاوکردنەوەی ٧٥٠ "سی دی" لە وتە بەنرخەکانی شەهیدی ڕێبەر، "دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو"، یادی دوکتور قاسملووی ڕێبەریان بەرز ڕاگرت.

ئەو شوێنانەی کە لە شاری بۆکاندا چالاکییان تێدا کرابوو، بریتین لە : "کتێبخانەی مامۆستا حەقیقی، کانوونی پەروەرێشی کوودەکان، ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، مەیدانی فووتباڵ، زانكۆكانى ئازادى ئيسلامى و پەيامی نوور و عیلمى كاربۆردى، مزگەوتی جامێعە، بازاڕ، دووکان و پاساژەکانی شار، شارەداری، فەرمانداری و مەتەبی دوکتورەکانی بلواری کوردستان".

هەروەها شەوی ١٠ لەسەر ١١ی پووشپەڕ، چاونەترسانی دێموکرات لە ئاربابا و هەمزاواى بانە، چالاکییەکی بەرین و بەرچاویان ئەنجام داوە.

لەم چالاکییەدا، ئەندامانی حیزب، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بە مەحکوومکردنی سپای تێرۆریستی پاسداران و یادی جینایەتی ٢٢ی پووشپەڕ، بەرامبەر بە ڕێبەری گەورەی گەلی کورد "دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو"، ئەمەگداریی خۆیان بەنیسبەت خاک و خەڵکی کوردستان و خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەربڕی.

هەر لەم پەیوەندییەشدا، ڕۆڵە بەئەمەگەکانی ڕێبازی شەهید دوکتور قاسملوو، لە شاروێرانی مەهاباد، شەوی ١٠ لە سەر ١١ی پووشپەڕ، چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لەم چالاکییەدا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، لەسەر ڕێگای گوندی "خوڕخوڕە"، لە نزیک شاخی "کۆڵباریـ"ـی ئەو گوندە، یادی سیهەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور عەبدولرەحمان قاسملوو و هاوڕێیانیان بەرز ڕاگرت.

هەروەها کۆمەڵێک تراکت و پۆستێری تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ، لە شوێنە جیاوازەکانی ئەو ناوچەیەدا بڵاو کرایەوە کە ئەو شوێنانە بریتین لە: "قوتابخانەی سەرەتایی کۆنەدێی شاروێران، قوتابخانەی شەقایقی گاپیس، دێهیاریی خوڕخوڕە، حەیات وەحشی تاڵاوی کانی بەرازان، تابلۆی ئێعلاناتی دێهیاریی خوڕخوڕە، دێهیاریی قجی ئاوا و کۆمەڵێک لە تابلۆکانی هاتوچۆی سەر ڕێگاکانی ئەو ناوچەیە".

هەروەها، دوێنێ ١١ی پووشپەڕ، چالاکانی دێموکراتپەروەر لە "سەرگیز"ی شاری شنۆ، بە نووسینی دروشمی تایبەت بە تێرۆری ڕێبەری ناوداری کورد دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، یادی ئەو ڕێبەرە گەورەیەیان بەرز ڕاگرت و بێزاریی خۆیان بەرانبەر بە دوژمنان و داگیرکەرانی گەل ڕاگەیاند.

هەروەها ڕایانگەیاندووە: "بەو چالاکییە، یاد و ناوی ڕێبەری شەهیدمان بەرز ڕادەگرین و لە دژایەتیکردنی هەتاهەتایی داگیرکەر و هەڵسوکەوتە قێزەونەکانی وەکوو کوشتن و لەسێدارەدان و تێرۆرکردنی ڕۆڵەکانی نیشتمان، بەردەوامین و بۆ تۆڵە ئەستاندنەوە، تا کۆتایی ژیانمان ناوەستین".