کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، به بۆنەی نزیکبوونەوەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، بە شێوەی جۆراجۆر، چالاکیی تەبلیغی بەڕێوە دەبەن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە، ۱۳ی پووشپەڕ، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سەقز، بە بۆنەی سیهەمین ساڵیادی تێرۆرکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
قارەمانانی دێموکرات لە شاری سەقز، بە هەڵدانی جامانە و نووسینی درووشمگەلی: "بەرز و بەڕێز بێت یادی شەهیدانی ڤییەن"، "مەرگ و نەمان بۆ کۆماری سێدارە" و "سڵاو لە ڕاسانی دێموکرات"، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
هاوکات، ئەندامانی حیزبی دێموکرات، به بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی تێرۆرکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانیەوە، لە شاری سەردەشت و لە گوندی نێوکوردار، جادەی سەردەشت، سێڕێیای نێوکوردار و کوڵەسە، وێنە و تراکتی تایبەت بەو ڕۆژەیان بڵاو کردەوە.
هەروەها لە شاری سنە، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد. لەم چالاکییەدا، تێکۆشەرانی دێموکرات، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی دوکتور قاسملوو بە شێوەیەکی بەربڵاو، یاد و ناوی ڕێبەری ناوداری کوردیان بەرز ڕاگرت و بەو بۆنەوە، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.