کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییە تەبلیغییەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەردەوامە

11:11 - 14 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سەقز، چالاکی تەبلیغییان بۆ پشتیوانیی پێشمەرگە و ڕاسان بەڕێوە برد.

ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی ڕەشەمە، ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە گەڕەکی تازاوای شاری سەقز، چالاکی تەبلیغییان بۆ پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و خەباتی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستان ـ ڕاسان ـ بەڕێوە برد.

ئەندامانی حیزب لەو شارەدا چالاکییەکانی خۆیان بە شێوەی نووسینی دروشمگەلێک وەکوو: "سەرکەوێ ڕاسان"، "بژی هێزی پێشمەرگەی کوردستان"، بەسەر دیوارەکانی گەڕەکی تازاوای ئەو شارەوە بەڕێوە برد.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە، ٦ی ڕەشەمە، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی پشتیوانیکردن لە حیزبی دێموکرات و پێشمەرگە و ڕاسان بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێر پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی حیزب و شەهیدان نوێ کردەوە.

هەروەها، چالاکانی سیاسی و ئەندامانی حیزب لە گوندی "بێرانە"ی سەر بە سەردەشت، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان، بۆ پشتیوانیکردن لە خەباتی پێشمەرگە و ڕاسان بەڕێوە برد. چالاکییەکان بە شێوەی نووسینی "دروشم"، بەسەر دیوار و شوێنە گشتییەکانەوە بوو.