کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییە تەبلیغییەکانی حیزب، ڕێژیمی ئێرانی وەلەرزە خستووە

12:38 - 18 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و پێشمەرگەکانی شار لە شارەکانی کوردستاندا، ڕێژیم و سپای تێرۆریستی پاسدارانیان وەزاڵە هێناوە.

ھەڵۆ تیژباڵ و چاونەترسەکان لە ناوچەکانی شامیان، سەوڵاوا و مەریوان چالاکیی بەربڵاویان بەڕێوە برد.

لە حاڵێکدا کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران شار و ناوچەکانی کوردستانی لە لایەن سپای تێرۆریستی پاسداران و دەست و پەیوندییەکانیەوە میلیتاریزە کردووە، باڵندەکانی کۆساڵان لە ڕۆژی ڕووناکدا بوێرانە ھەستی شۆڕشگێڕانەی خۆیان بە ڕێژیمی پاوانخوازی ئێران نیشان دا و پۆستێر و ئارمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و وێنەی ڕێبەرانی شەھیدیان بڵاوکردەوە.

ئەم چالاکییانە لە شاری سەوڵاوا و گوندەکانی دووڕوو، ئیبراھیم‌ئاوا، ئەحمەدئاوا، سپیار، ھەزارخانی، ھەجمنە و لەسەر ڕێگای  قەڵاجێ بۆ سەوڵاوا بەڕێوەچوو کە پتر لە ٤٥٠ تراکتیان بڵاو کردووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە ڕێژیم لە  ناوچەکانی شامیان، سەوڵاوا و مەریوان، جاشە کۆنەکانی خۆی بۆ نێو سپای تێرۆریستی پاسداران بانگهێشت کردووە و ھەموویانی خستووەتە ئامادەباشیی تایبەتەوە. هەروەها هێزی ئیتنزامی و سپا و بەکرێگیراوەکانی دیکەش، لە ترسی گیانیاندا بە جلیسقەی دژە گولـلەوە خۆیان دەرخستتوە.

هاوکات پێشمەرگەکانی شار، لە شاری پیرانشار چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بۆ پشتیوانی لە پێشمەرگە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە برد.

پێشمەرگەکانی شار لە گوندی "پەسوێ"ی سەر بە شاری پیرانشار، بۆ پشتیوانی لە پێشمەرگە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.