کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییە ژینگەپارێزییەکان لە شار و گوندەکانی کوردستان بەردەوامن

10:55 - 26 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: لە بەرەبەری نەورۆز و ساڵی نوێدا، چالاکانی ژینگه‌پارێز، بە بەڕێوەبردنی چالاکیی جۆراوجۆر لە شار و گوندەکانی کوردستان پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی ڕەشەمە، کۆمەڵێک لە چالاکانی ژینگەپارێز لە گوندی نییەر، سەربە شاری سنە، بە پیر بانگەوازی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانەوە هاتن و هەڵمەتی "دێ‌تەکانییان" لەم گوندەدا بەڕێوە برد.

ئەنجومەنی سەوزی چیا لە ڕێگەی ئەم بانگەوازەوە داوای لە هاووڵاتییان کردووە، کە بە پاک و خاوێنکردنەوەی گوندەکان، سروشتی کوردستان لە  پیسبوون و لەنێوچوون بپارێزن.

ئەوان لە ژێر دروشمی  نەورۆزانەمان ژینگەیەکی خاوێنە دەستیان به خاوێنکردنەوەی گۆندەکه کرد و بەم شێوەیە بەرەو پیری نەورۆزی کوردەوارییەوە چوون.

هەر لەم پێوەندییەدا، کۆمیتەی ژینگەپارێزیی دامەزراوەی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی زاگرۆس لە شاری سنه، ڕۆژی هەینی ٢٤ی ڕەشەمە، هەڵمەتێکی نەمام چاندنیان لە شاخی ئاویەری شاری سنه بەڕێوە برد.

لە لایەکی تریشەوە، ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی جەمعیەت سەوزی کوردستان، ڕۆژی هەینی ٢٤ی ڕەشەمە، بە بۆنەی ڕۆژی نەمام چاندن، جێژنێکیان بەڕێوە برد و  لە ژێر دروشمی پاراستنی ژینگه پاراستنی ژیانه، لە خەیرەزنەی ئاویەر کۆ بوونەوە و دەستیان بە چاندنی نەمام کرد.

چالاکانی ژینگەپارێز لە شار و گوندەکانی کوردستان، بە مەبەستی پاراستنی هەرچی زیاتری ژینگەی کوردستان، بە بەردەوامی و لە هەڵمەتگەلێکی جیاجیادا هەوڵی پاراستنی ژینگە و خاوێنڕاگرتنی شوێنە جیاوازەکان لە کوردستاندا دەدەن.