کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییەکان بە بۆنەی ڕۆژی زمانی دایکییەوە درێژەی هەیە

11:43 - 3 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغیی لە شار و گوندەکانی کوردستان بەردەوامن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تێکۆشەرانی دێموکرات و خەڵکی ئازادیخواز، بە بۆنەی ڕۆژی زمانی دایکییەوە، لە شار و گوندەکانی کوردستاندا تراکت و پۆستێری تایبەت بەو ڕۆژە کە لایەن ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە بڵاو کرابووەوە، چاپ و بڵاو دەکەنەوە.

لەو چالاکییانەدا ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری سەقز بە بۆنەی ڕۆژی زمانی دایکییەوە، لە گەڕەکەکانی قەوخ، شاناز، دەوروبەری قوتابخانەی شاهید و شەقامی ٣٢ مێتری، تراکت و پۆستێرەکانی تایبەت بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکییان بڵاو کردووەتەوە.

ڕۆژی چوارشەممەش، ڕێکەوتی ١ی ڕەشەمە، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ لە شاری بانە، بە بۆنەی ڕێزگرتن لە ڕۆژی زمانی دایکی بەڕێوە چوو، لەو ڕێوڕەسمەدا سەدان کەس لە خەڵکی شاری بانە و شارەکانی دیکە، هونەرمەندان، شاعێران و مامۆستایانی زمانی کوردی بەشدارییان کردبوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا، سەرەتا بە خوێندنی سروودی نیشتمانیی تایبەت بەو ڕۆژە و دواتر بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی دەستی پێ کرد و دواتر بە بڵاوکردنەوەی کلیپی تایبەت بە ڕۆژی زمانی دایکی، ڕێوڕەسمەکە بەشکۆیەکی زیاترەوە درێژەی هەبوو.

هاوکات ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ڕۆژی زمانی دایکی لە شارەکانی شنۆ و پیرانشار بە بەشداریی مامۆستایان و قوتابییان بەڕێوە چووە.

لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ گرینگیدان و گەشەی زیاتری زمانی کوردی، چەندین ڕێکخراوە و دامەزراوە بۆ فێرکردنی زمان و کولتووری کوردی دامەزراون و بە شێوەی خۆبەخش کار لە پێناو زیندوومانەوەی کولتوور و زمانی کوردی دەکەن.

لە ساڵی ١٩٥٢ زایینیدا، لە وڵاتی پاکستان، زمانی ئۆردوو، کە تەنیا زمانی ٥ لەسەدی حەشیمەتی خەڵکی پاکستان بوو، بە فەرمی ناسێندرا، هەر بەم بۆنەوە ناڕەزایەتیی ئاخێوەرانی زمانی بەنگاڵی، لە ڕۆژی ٢١ی فیورییەی لێ کەوتەوە، کە لە لایەن دەوڵەتی پاکستانی ئەوکات خەڵکێکی زۆر لە بەنگاڵییەکان کوژران و ئەم ستەمە زمانی و فەرهەنگییە هەتا ساڵی ١٩٧١ درێژەی کێشا، کە دواتر لە لایەن ڕێکخراوی یونسکۆوە ڕۆژی ٢١ی فیورییە، بەرانبەر بە ٢ی ڕەشەمە، وەک ڕۆژی زمانی دایکی ناسێندرا.