کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییەکانی خەڵک بۆ پێشگیری لە کۆرۆنا بەردەوامە

10:58 - 21 رەشەمه 2719

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە لە کاتی قەیرانەکاندا تەنیا دروشم دەدات و سەیری ڕووداوەکان دەکات، خەڵک لە کوردستان بە هاوکاری و یەکڕیزیی خۆیان بەسەر قەیرانەکاندا سەر دەکەوەن.

خەڵک لە سەقز بۆ پێشگرتن لە نەخۆشیی کۆرۆنا بە یەکگرتوویی دووکان و بازاڕەکانیان داخستووە و ئەوەیکە پێویستە و لە دەستیان دێت ئەنجامی دەدەن.

لەو شارەدا خەڵک شەقامەکان خاوێن دەکەنەوە و ڕێکخراوە خەڵکییەکان دەمامک و دەستەوانە بەخۆڕایی لەنێو خەڵکدا بڵاو دەکەنەوە.

خەڵک لە جوانڕۆ بە شێوەیەکی چڕوپڕ بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان، شەقام، گەڕەک، کوچە و کۆڵانەکانیان بە دەرمانی دژەگەند پڕژاندووە.

لە جوانڕۆ خەڵک بۆ پێشگرتن لە نەخۆشیی کۆرۆنا لەسەر تێچووی خۆیان دەستیان بە دروستکردنی دەمامک و دەستەوانە کردووە و لەنێو خەڵکدا بڵاویان کردووەتەوە.

لە شنۆ، سەردەشت و بۆکان خەڵک بە شێوەی خۆڕسک بەردەوام بۆ پێشگرتن لە نەخۆشیی کۆرۆنا دووکان و بازاڕەکانیان داخستووە. هەروەها لە دژەگەندکردنی شوێنە گشتییەکان بەردەوامن.

ئەو چالاکییانە تەنیا لەلایەن خەڵکەوە ئەنجام دراوە.