کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییەکانی ئەندامانی حیزب بووەتە هۆی دڵەڕاوکێی ڕێژیم

11:58 - 16 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیم لە چالاکییە حەقخوازانەکانی خەڵک دەترسێت و بەو هۆیەوە ئەو شوێنانەی چالاکی لێ دەکرێت میلیتاریزەی دەکات.

بەپێی هەواڵی هەواڵنیری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوو ڕۆژ پاش چالاکییەکانی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە گوندی هەرسین، تێرۆریستانی سپای پاسداران لە بێساران، بەتووڕەیییەوە ڕژاونەتە نێو گوندی هەرسین و بە شوێن نووسەرانی ئەو دروشمانەدا گەڕاون.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کردووە، کە بە تەماح وەبەرنان و پێشنیاری پارە بە منداڵان داوایان کردووە کە چالاکانیان پێ بناسێنن و لە بەرانبەردا خەڵکی گوندی هەرسین گوێیان بۆ هەڕەشە و تووڕەییەکانیان شل نەکردووە.

بیر و ئەندێشەی ڕێبەرانی مەزنی کورد، لە خۆرهەڵاتی کوردستان و خەباتی ڕەوای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کە لە نێودڵی خەڵکی کوردستاندا جێیان گرتووە و لە ئاکارەکانیاندا ڕەنگی داوەتەوە، بووەتە هۆی ترس و تۆقانی دوژمنانی گەل و لە هەر ڕێگایەکەوە بۆیان بکرێت هەوڵی دەسبەسەرکردنی چالاکانی مەتەرێزی شار دەدەن.

هەر لەو پێوەندییەدا، پاش چالاکییەکانی قارەمانانی دێموکرات لە پاوە و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە دەکەڵێکی تەلەفزیۆنی، لەسەر "هەواری کۆتێڵ"، لە بناری ئاتەشگا، بەرانبەر شاری پاوە، لە بینای فەرمانداریی پاوە، دانیشتنێک لە نێوان فەرماندار و سەرۆکی سپا و ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بەڕێوە چووبوو.

لەو دانیشتنەدا لە بارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە چیاکانی پاوە و کار و چالاکیی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، گفتوگۆیان کردووە و هەڕەشەیان لە فەرماندار، سەرۆکی سپا و ئیتلاعات کردبو کە پێش بەم چالاکییانە بگرن.