کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکێکی سیاسیی کورد ئەگەری دیپۆرت کردنەوەی هەیە

17:36 - 22 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: چالاکێکی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری سەقز سەر بە کوردستانی ڕۆژهەڵات نیشتەجێی وڵاتی ئاڵمان، ئەگەری دیپۆرت کردنەوەی بۆ ئێرانی لە سەرە.

چالاکێکی سیاسیی کورد بە ناوی "نادر ئەڵڵایاری" خەڵکی شاری سەقز، نیشتەجێی وڵاتی ئاڵمان، لە لایەن ئێدارەی کاروباری پەناخوازانی وڵاتی ئاڵمانەوە، بۆ کەمپە داخراوەکان گوازرایەوە و مەترسیی دیپۆرت کردنەوەی بۆ ئێران هەڕەشە لە گیانی ناوبراو دەکات.

نادر ئەڵڵایاری ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و ساڵی ٩٤ی هەتاوی، وەکوو پەناخوازێک، ڕووی لە وڵاتی ئاڵمان کردووە.

ناوبراو سەبارەت بە قەبوول نەکردنی کەیسەکەی ڕایگەیاندووە: "داوای پەنابەریی من (نادر ئەڵڵایاری) لە لایەن ئێدارەی کاروباری پەنابەران ڕەت کراوەتەوە و پێیان ڕاگەیاندووم ، دەبێت بچیتەوە بۆ کەمپە داخراوەکان".

نادر ئەڵڵایاری باسی لەوەش کردووە: "من ساڵی ٩٤ وەکوو پەناخوازێک ڕووم لە وڵاتی ئاڵمان کردووە و داوای پەناخوازیم لەو وڵاتە کردووە و بەڵام پاش سێ ساڵ و چەند مانگ، داواکارییەکەم ڕەت کرایەوە".

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئێدارەی کاروباری پەناخوازانی ئاڵمان وڵامی نەرێنیان پێدامەوە و پێیان ڕاگەیاندم کە بڕیاری دیپۆرت کردنەوەت بۆ ئێران دراوە.