کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکێکی مافی مرۆڤی کورد وەکوو نوێنەری شۆرای شاری ژنێڤ هەڵبژێردرا

23:11 - 22 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: چالاکێکی مافی مرۆڤ خەڵکی کوردستانی ئێران و دانیشتووی وڵاتی سوویس وەکوو نوێنەری شۆرای شاری ژنێڤ هەڵبژێردرا.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەمبارەوە ئاشکرای کردووە: "تەیموور ئەلیاسی"، چالاکی مافی مرۆڤ و نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژنێڤ لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، وەکوو نوێنەری شۆرای شاری ژنێڤ لە وڵاتی سوویس هەڵبژێردرا. ئەمە یەکەمین جارە کە هاووڵاتییەکی کورد لە ئورووپا بۆ ئەو پلەیە هەڵدەبژێردرێت.

تەیموور ئەلیاسی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، وەکوو نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژنێڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤ لە ژنێڤ بەشدار بووە و ئەو ڕاپۆرتانەی کە تایبەت بوون بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران پێشکەشی ئەو ڕێکخراوەی کردووە.

ئەو چالاکە مافی مرۆڤییە کوردە، ئەندامی حیزبی سووسیالیستی سوویسە و چەندین ساڵە لەو حیزبەدا چالاکی دەکات.

هەڵبژاردنەکانی شۆرای شاری ژنێڤ پێنج ساڵ جارێک بەرێوەدەچێت و ئەو چالاکە مافی مرۆییە وەکوو نوێنەری حیزبی سووسیالستی سوویس لەو هەڵبژاردنەدا بەشداری کردووە و ئەو پلەی بە دەست هێناوە.

بڕیارە ناوبراو ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو لە ڕێوڕەسمێکدا بەو بۆنەوە سوێندی یاسایی بخوات و بە شێوەی فەرمی دەست بەکار بێت.

تەیمور ئەلیاسی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو لە پارێزگای کرماشانە کە لە تەمەنی مێرمنداڵیدا وێڕای بنەماڵەکەی و لە ترسی گیران و ئێعدام لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ناچار بوون ئێران بەجێبهێڵن و لە وڵاتی سویس گیرسانەوە.