کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکێکی ژینگەپارێزی گیانی لەدەست دا

13:32 - 31 جۆزەردان 2720

ژینگەپارێزێکی دیکە کە لە ئاگری دارستانەکانی "گەچسارانـ"ـدا لەنێو ئاگردا سووتابوو، گیانی لەدەست دا و بوو بە قوربانیی بێکیفایەتییەکانی ڕێژیم و جینایەتە ژینگەییەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران.

ڕۆژی هەینی ٣٠ی جۆزەدران، "ئەلبۆرز زارعی"، شاخەوانی ٢٩ ساڵەی خەڵکی "کۆهگیلوویە و بۆیرئەحمەد" کە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوەکانی کێوی "دیل" لە "گەچساران" تووشی سووتان ببوو لە نەخۆشخانەیەک لە ئیسفەهان گیانی لەدەست دا.

ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە پێشتر لە ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی "سەبزگامانی گەچسارانـ"ـدا چالاکیی هەبووە.

بەپێی قسەی شایەتحاڵانی ڕووداوەکە، "ئەلبۆرز زارعی" لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوەی کێوی "دیلـ"ـدا کەوتووەتە گەمارۆی ئاگرەوە و کاتێک بە هیوای هەڵاتن لە ئاگرەکە ویستوویەتی بڕواتە سەر تاشە بەردێک، کەوتووەتە خوارەوە و لە ئاگردا سووتاوە.

پاش گیانلەدەستدانی ئەو ژینگەپارێزە، بەرپرسانی ڕێژیم ئیدعایان کردووە کە بۆ دەربازکردنی ناوبراو لە هەڕەشەی ئاگر و مردن هەوڵێکی زۆریان داوە.

 ئەمە لە حاڵێکدایە کە وێنە و ڤیدیۆ و شایەتحاڵانی ئەو ئاگرکەوتنەوانە ئەوە دەسەلمێنێت کە هیچ ناوەند و دامەزراوەیەکی ڕێژیم لە زۆربەی ناوچەکاندا بوونیان نەبووە و خەڵک خۆیان هەوڵی کۆنترۆڵی ئاگرەکەیان داوە.

سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە داڕشتنی پیلان و بە شێوەی سیستەماتیک لە زۆربەی شار و پاریزگاکانی کوردستان و ئێران ئاگری نایەوە و ژینگەی وڵاتی کرد بە خەڵووز.