کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاووپێککەوتنی نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە پارلمانی وڵاتی سوید

16:13 - 10 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: لەو دیدارەدا حەمید تەیمووری نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید سەردانی پارلمانی ئەو وڵاتەی کرد و لەگەڵ فرێدریک مالم ((Fredrik Malm نوێنەری حیزبی گەل (Folk partiet) چاوپێککەوتنی کرد و لە دیدارەدا کۆمەڵێک کێشە و گرفتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت رێژیمی ئێران و هەروەها کوردستانیان خستە بەرباس و لێکدانەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، حەمید تەیمووری نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێـموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید سەردانی پارلمان ئەو وڵاتەی کرد و لەگەل فرێدریک ماڵم کۆ بووە و لەو دیدارەدا نوێنەری ئەو دوو حیزبە کۆمەڵێک کێشە و گرفتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی ڕێژیمی ئێران و هەروەها کوردستانیان خستە بەرباس و لێکدانەوە.

پاشان نوێنەری حیزبی دێموکرات جموجووڵەکانی ئەم دوایانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ سەر سنوورەکان و جێگیرکردنی هێزی لە چیا و سنوورەکانی کوردستان باس کرد.

لەم دیدارەدا نوێنەری حیزبی دێموکرات باسی لە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی عێراق و سووریە و ئاژاوەنانەوە لە یەمەن و لوبنان و کێشە نانەوە و هەڕەشەی شەڕ لەگەڵ سعوودیە، ناردنی گرووپی تیرۆریستی بۆ وڵاتانی ناوچە و دراوسێ و تەنانەت جەولەی قاسم سڵێمانی وەک بەرپرسی هێزی تیرۆریستیی ئێران لە وڵاتانی عێراق و سووریە و ئاژاوەنانەوە و دەستێوەردانی ئەو ڕێژیمەی بەتایبەتی لە باشیوری کوردستانی کرد.

تەیمووری لەو دیدارەدا باسی لە بەرزبوونەی ڕادەی ئیعدامەکان لە ئێران لەم مانگانەی دواییدا بە جۆریک کە تەنانەت نوێنەری مافی مرۆڤ لە نێو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەحمەد شەهید هاتە دەنگ و ئەو کردەوانەی ئێرانی مەحکوم کرد و ناوبراو ئەوەشی ڕاگەیاند کە ئێران یەکەم وڵاتە دوای چین کە زۆرترین خەڵکی لە وڵاتەکەی ئیعدام کردووە.
هەروەها نوێنەری حیزبی دێموکرات باسی لە کێشەیەکی‌تر کە ڕێژیمی ئێران تووشی بووە کرد کە ئەویش پاشەکشەی ئەم ڕێژیمەیە لە بەرانبەر ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سەر بەدەست هێنانی چەکی ناوەکی.

هەرچەند لە نێو ڕێژیمی ئێراندا بەتەواوەتی ساخ نەبوونەتەوە کە ئاکامی ئەو ڕێککەوتنە لەگەڵ ئامریکا چی دەبێ. هەر بۆیە ئەمەش جۆرە ترسێکە کە ئاخوندەکانی ڕێژیمی ئێرانی تۆقاندووە.

حەمید تەیمووری لە کۆتاییدا ڕاگەیاند، کە ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران داومان لە فرێدریک مالم ئەوە بوو کە بۆ کێشەی کورد چالاک بن و حیزبەکەشیان کاریگەری هەبێ بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە کوردستان و بەتایبەتی لە بەشی کوردستانی ڕۆژهەڵات و لە پارلەمانی سویددا مەسەڵەی مافی مرۆڤ و نەتەوەکانی‌تر لە ئێراندا بخەنە بەر باس.

لە کۆتاییدا، مالم سپاسی نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد بۆ ئەو چاوپێکەوتن و دیدارە و بۆ ئەو زانیاریانە و ئاڵوگۆڕی بیروڕاکان. ناوبراو وتی ئێمە ئەوەی لەدەستمان بێت بۆ مەسەلەی کورد لە کوردستانی گەورە دەرێغی ناکەین و لەوبوارەشدا لە چالاکیی خۆمان بەردەوام دەبین.