کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوپێکەوتنی شاندێكی نوێنەرایەتیی \"KCK\" و حیزبی دێموکرات

14:32 - 9 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: شاندێک بە نوێنەرایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان، سەردانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ٨ی رێبەندانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، شاندێك بە نوێنەرایەتیی كۆما جڤاكێن كوردستان KCK، بە سەرپەرستیی فەرهان ئامارا سەردانی بنكەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە كۆیە كرد و لەلایەن شاندێکی حیزبی دێموكرات بە سەرپەرستی محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی ئەو حیزبەوە پێشوازیی لێكرا.

لەو دیدارەدا، سەرەتا شاندی میوان وێڕای دربڕینی خۆشحاڵی خۆیان لەو چاوپێكەوتنە، هەڵگری سڵاو و رێزی سەرۆكایەتیی كەجەكە بۆ سكرتێری گشتیی حیزب و هاورێیانی رێبەریی حیزبی دێموکرات بوون.

پاشان فەرهان ئامارا باسێكی سەبارەت بە دۆخی ئەم دواییەی كورد بە گشتی و لە رۆژئاوا و باشووری كوردستان بە تایبەت یپێشکەش كرد و ئاماژەی بەوەدا كە لەكاتی رووبەڕووبونەوەی كوردانی رۆژئاوا و باشوور بەرانبەر بە گرووپی تیرۆریستیی داعش و شەری تیرۆر، كوردانی هەرچوارپارچەی كوردستان هاوخەباتی و پشتیوانیی خۆیان بۆ پاراستنی خاک و كەرامەتی كورد بە تایبەتی لە شەنگال و كۆبانی راگەیاند.

ئامارا لە درێژەدا ئاماژەی بەوەدا کە لە ئەنجامی هاوخەباتی و یەكگرتوویی گەلی كورد بە گشتی و بەرخودانی هێزی پێشمەرگە و شەرڤانانی كورد توانرا دواجار شاری كۆبانێ ئازاد بكرێت و بەشێكی زۆری ئەو شوێنانەی كە لە باشوور كەوتبوونە دەستی داعش رزگار بكرێن.

ناوبراو هەروەها وتی: یەكگرتوویی نەتەویی كە ئەمرۆ لە نێو كورددا دروست بووە و هاوخەباتی و پشتیوانیی خەڵكی كورد بە گشتی بۆ پاراستنی كورستان و نەتەوە، پەیامێكی روونە بۆ هێزە سیاسییەكانی كورد كە نەتەوەی كورد ئازادی و رزگاریی هەرچوار پارچەی كوردستانیان دەوێت و دەبێ ئێمە ئەو پەیامە بە گرینگ وەربگرین و لە هەموو كاتێك زیاتر لە پێناو یەكگرتوویی سیاسیی كورد و هاوپێوەندیی نێوان هێزە سیاسیەكانی کوردستان و هاوكاری و هاوخەباتییان تێبكۆشین.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە ئازادیی شاری كۆبانی و سەرخستنی ئێرادەی بەرخودان و ئازادیخوازانەی گەلی كورد لە رۆژئاوا كرد و وتی كە دوژمنانی كورد بە گشتی و بە تایبەتی ئێران و سووریە زۆر هەوڵیان دا كە كورد لە كۆبانی بەدەستی تیرۆریستانی داعش لە نێو بچێت و تووشی شكست بێت و بەردەوام هاوكاری و هانی ئەو گرووپە تیرۆریستەیان دەدا و پیلانیان بە دژی شەرڤانانی كورد دادەڕشت.

لە پێوەندی لە گەڵ پرۆسەی ئاشتی لە توركیە، سەرپەرستی شاندی نوێنەرایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان وتی كە سەرەڕای ئەوەی كە دەوڵەتی توركیە دەیهەوێ وا نیشان بدات كە لە هەوڵی چارەسەركردنی ئەو پرۆسەیە دایە بەڵام لە راستیدا دوای دوو ساڵ تێپەرین بەسەر ئەو پرۆسەیە تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی پراكتیكییان بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەو مەبەستە هەڵ نەگرتووە.

ئامارا، لە پێوەندی لە گەڵ رۆژهەڵاتی كوردستان وتی: ئێران بەرەو ئاڵوگۆڕ دەچێت و جیهان ئیدی تەحەمولی سیاسەتی شەرخوازانە و تێكدەرانەی ئەو رێژیمە ناكات و پێویستە بە پشت بەستن بەو میراتە گەورە نەتەوەییە کە لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا هەیە، هەنگاوی گەورە بۆ بەرفراوانتر كردنی خەبات لەو بەشەی كوردستاندا هەڵ بگیردرێت.

پاشان، محەمەد نەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات و سەرپەرستی شاندی حیزب لەو دیدارەدا وێرای پیرۆزبایی ئازادكردنی كۆبانی لە شاندی میوان و هاورێیانی كەجەكە و گەلی كورد بە گشتی، هیوای خواست كە ئەو سەركەوتنە سەرەتای سەركەوتنی یەكجاری و خێرای هێزی پێشمەرگە بە سەر تیرۆریستانی دەولەتی ئیسلامی (داعش) لە هەموو خاكی كوردستان بێت.

قادری هەروەها لە درێژەدا وتی: حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران هەر لە سەرەتای ساڵەكانی ٨٠ ــ ٧٠ی میلادییەوە لە سەر ئەسڵی خەباتی هاوبەش و هاوكاریی نێوان هێزە سیاسییەكانی كورد بە گشتی پێداگری كردووە و لەو باوەڕەدایە كە پێویستە هێزە سیاسییەكانی كورد بە گشتی لە هەموو قۆناغەكانی خەباتدا هاوكاری و یارمەتیدەری یەكتر بن.

قادری لە درێژەدا پێداگریی کرد که رەچاوی ئەوە بكرێت كە پێوەندی هەر هێزێكی سیاسی كورد لە گەڵ دەولەتێكی داگیركەردا نابێت لە سەر حیسابی كوردی ئەو بەشە بێت و شوێنەواریی نێگەتیڤ لەسەر بزووتنەوەی كوردی ئەو بەشەی‌تر دابنێت.

ناوبراو هەروەها رایگەیاند که نابێت هیچ هێزێكی سیاسی دەستێوەردان لە كار و باری پارچەكانی دیكەی كوردستاندا بكات كە ئەمە سێ ئەسڵی بنەڕەتی لە سیاسەتی حیزبی دێموكراتن.

قادری، هەر لە درێژەی ئەو باسەدا ئاماژەی بەوەدا كە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە پێوەندی و ستراتیژیی خۆیدا هەمیشە بیر لە بەرژەوەندیی باڵای كورد دەکاتەوە و رەچاوی یەكریزی و یەكگرتوویی گەلی كورد دەكات.

سەرپەرستی شاندی حیزبی دێموکرات لەم دیدارەدا وێڕای پێداگری لە سەر ئەوەی کە حیزبی دێموکرات بەردەوام لە هەوڵی چارەسەریی كێشەی نێوان هێزە سیاسییەكانی كورد لە رێگای دیالۆگەوە بووە ئاماژە ی بەوە كرد كە پێویستە هەموو لایەك رێز لە خەبات و ئیرادەی سیاسی هەر پارچەیەكی‌تری كوردستان بگرن و بۆ سەرخستنی ئیرادەی مافخوازانەی بەشەكانی كوردستان یارمەتیدەر و هاوكاری یەكتر بن.

محەممەد نەزیف قادری لەسەر پرۆسەی ئاشتی لە توركیە وتی: سەرەڕای ئەوەی کە لە رەوتی بەرەوپێشچوونی ئەو پرۆسەیە نیگەرانیمان هەبووە بەڵام لە هەمان كاتدا بە هەنگاوێكی ئەرێنیی دەزانین كە كورد لەو بەشەی كوردستاندا بە سیاسەتێكی حەكیمانە، پێداگری لە سەر خواستە رەواكانی خۆیان لە رێگای دیالۆگەوە نیشان بدەن.

بە پێی ئەم راپۆرتە، رۆڵی تێكدەرانەی رێژیمی ئێران لە ناوچەكە بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی، تەوەرێكی دیكەی باسەكانی ئەو دانیشتنە بوو.

لە بارەی رۆڵی تێکدەرانەی رێژیمی ئێران لە کوردستان هەردوو شاندی ئەم چاوپێکەوتنە لەو باوەڕەدا بوون كە دەبێ رێگا بە كاریگەربوونی سیاسەتی مرۆڤكوژانەی رێژیمی ئێران لە هیچ یەک لە بەشەكانی كوردستاندا نەدرێت و پێش بە سیاسەتی ئاژاوەگێڕانەی رێژیم بە تایبەتی لە باشوور و رۆژئاوای كوردستان بگیردرێت.

لە كۆتایی ئەم دیدارەدا هەردوو شاندی کۆما جڤاکێن کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر بەهێزتر كردنی پێوەندی و هاوخەباتی نێوانیان پێداگیریان كردەوە.

ئاویەر.ت