کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوپێکەوتنی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پارلمانی نۆروێژ

15:47 - 8 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: عەزیم ئەلیاسی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ لە پارلمان لە گەڵ ماریانا نەرۆڵ راوێژکاری حیزبی کۆنسرڤاتیڤی نۆروێژ چاوپێکەوتنی کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٧ی رەزبەری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، عەزیم ئەلیاسی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ لە پارلمانی ئەو وڵاتە لە گەڵ راوێژکاری سیاسیی پارلمانی Hoyre چاو پێکەوتنیان پێک هێنا.

عەزیم ئەلیاسی لەم چاو پێکەوتنەدا لەگەڵ ماریانا نەرۆڵ (Marianne Neraal) ، تیشکی خستە سەر ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و ئەو کارەساتە مرۆییانەی کە بەم هۆیەوە هاتوونەتە ئاراوە.

ئەلیاسی باسی لە ئاوارەبوونی هەزاران مرۆڤی بێتاوان کرد کە زۆربەیان روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و سەبارەت بە نالەبارتربوونی بارودۆخی ئەو ئاوارانە بە نزیکبوونەوە لە وەرزی زستان نیگەرانی خۆی دەربڕی.

نوێنەری حیزبی دێموکرات هەر لەم بارەوە ئاماژەی بە هەڵوێستی کاربەدەستانی بەغدا کرد، کە نەک هەر یارمەتیدەر نین بەڵکوو لە سەرەتای ساڵەوە بودجەی هەرێمی کوردستانیان بڕیوە و ئەمەش بارودۆخی ئاوارەکانی زیاتر نالەبار کردووە.

نوێنەری حیزبی دێموکرات داوای کرد کە وڵاتی نۆروێژ وێڕای ئەوەی کە خۆی یارمەتییە مرۆییەکانی خۆی راستەوخۆ بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێ و چالاکانە لە باری نێودەوڵەتییەوە هەوڵ بدات کە زۆر وڵاتی دیکەش لەم بارەوە یارمەتیدەر بن.

عەزیم ئەلیاسی لەدرێژەدا باسی لە گۆڕینی رووی شەڕی داعش بەرەوە هەرێمی دێکەی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوەدا کە رێژیمی ئێران بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کەس یان تاقمی نزیک بە خۆی لە نێو گرووپی داعشدا توانی رووی شەڕی داعش بەرەو کوردستان بگۆڕێ.

عەزیم ئەلیاسی سەبارەت بە بارودۆخی کوردستانی سووریە وتی: لە کوردستانی سووریە گرووپی تیرۆریستیی داعش هێرشەکانی بۆ سەر کوردانی ئەم بەشە توندتر کردووە و ئەم بەشە لە کوردستانی لەگەڵ هەلومەرجی دژوار بەرەوڕوو کردووە.

ئەلیاسی لەو بارەیەوە وتی: ئێستا کۆبانی لە بەردەم کارەساتێکی مرۆیی دایە و پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە دووبارە بوونەوەی کارەساتی شنگاڵ پێشگیری بکات و هەروەها پاراستن و یارمەتیدانی کوردەکان لە ناوچەکەدا ئەرکی هەموو وڵاتانی ئازادیخوازی جیهانە، چوونکە کوردەکان ئێستا لە بڕی هەموان شەڕی توندڕەوەکانی جیهان دەکەن.
عەزیم ئەلیاسی لە دڕیژەدا ئاماژەی بەوەدا کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران نەک هەر لە حاڵەتی بەرگریدا نییە، بەڵکوو بە کردەوە لە عێراق، سوریە، لوبنان، یەمەن و بە تایبەتی لە دژی گەلانی بندەستی ئێران لە شەڕ دایە. رێژیمی ئیسلامیی ئێران خاوەنی ئایدیۆلۆژییەکی ئەوتۆیە کە هیچ کات خۆی لە حاڵەتی بەرگریدا نابینێتەوە و بەردەوام خەریکی دەستێوەردان لە وڵاتان و ناوچەکانی دیکەیە.


گوشاری کاربەدەستانی ئێران بۆ سەر خەڵکی ئێران و بە تایبەتی چالاکوانانی مەدەنی و کولتووری و سیاسیی تا دێت زیاتر دەبێت؛ هەر بۆیە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە وڵاتی نۆروێژ لە نێو کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا کار بۆ ئەوە بکات کە ئەم رێژیمە ناچار بکرێت رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت.

ماریانا نەرۆڵ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە کوردەکان لە هێرشی داعش و گرووپە توندڕەوەکان بپارێزرێن و نابێت تەنیا ئەو ناوچەیە کە هەموو لایەک دەتوانن بە ئاشتی تێیدا بژین و هەروەها تەنیا شوێنێکە لە ناوچەکەدا کە دێموکراسی تێیدا خەریکە گەشە دەکات، لە ناو بچێت.

راوێژکاری حیزبی کۆنسرڤاتیڤی نۆروێژ، بەڵێنی ئەوەشی دا کە داواکاری و تێبینییەکان بۆ کاربەدەستانی سەرەوەتر رەوانە بکات.