کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوپێکەوتنی هاوکاری نوێنەری حیزبی دێموکرات لە دەفتەری سیناتۆر جان مەک کەین

17:16 - 7 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: پرسی مافی مرۆڤ و پێشێلکارییەکان لە ئێران و ئامانجەکانی رێژیمی ئێران وەکوو وڵاتێک لە بەرەنگاری دونیای ئازاد و دێموکرات دەبێتەوە، لەو چاوپێکەوتنانەدا باسیان لێ کرا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ئارش ساڵح هاوکاری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، رۆژانی دووشەممە، سێشەممە و چوارشەممە رێکەوتی ٢، ٣ و ٤ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، کۆمەڵێک چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەفتەری سێناتۆر و ئەندامانی کۆنگرەی ئەمریکا و لەوانە \'\'جان مەک کەین\'\' کۆبووەوە.

ئەو چاوپێکەوتنانە بە مەبەستی باس و وتووێژ و کاریگەری دانان لەسەر ناوەندە سیاسەتگوزاریی کۆنگرەی ئەمریکا لە واشینگتۆن ئەنجام دراوە و تێیدا بیر و بۆچوون و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسی لەسەر کرا.

هاوکاری پێوەندییەکانی لەو دانیشتنانەدا لەبارەی مافی مرۆڤ و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران پاش هاتنە سەرکاری رۆحانی پەرژاویه سەر ئەوە کە لە یەک ساڵی رابردوودا رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە پیشاندانی رواڵەتێکی پێکەنیناوی لەهەمبەر رۆژئاوا، ئاستی سەرکوت و پێشێلکاریی لە ئێراندا زیاتر و بەربڵاوتر کردووە.

ئارش ساڵح لەو پێوەندییەدا وتی: هەڵسوکەوتی رێژیمی ئێران ئاماژە بەوە دەدەن کە چییەتیی کۆماری ئیسلامی و ستراتیژییە بنەڕەتییەکانی لە دژایەتیی بەهاکانی دونیای ئازاد و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵی دایە.

هەروەها لەباری سیاسییەوە باس لەسەر ئەوە کرا کە دونیای ئازاد پێویستە نە تەنیا ئەو هێزانە بناسێت کە ئەتوانن وەدیهێنەری دیمۆکراسی راستەقینە و ئاسایشی درێژخایەن لە ناوچەکە بن، بەڵکوو پێویستە پشتیوانیشیان لێ بکات.

ساڵح لەم چاوپێکەوتنانەدا وتی: هێزەکانی سەر بە نەتەوەکانی ئێران لەبەر چیەتی و ماهیەتی داواکانیان و هەروەها لەبەر تایبەتمەندییەکانی ئەو پێکهاتە سیاسییە کە بۆ داهاتووی ئێران داوای ئەکەن، باشترین هێزن کە دنیای ئازاد متمانەیان پێ کات و رەچاوی سەقامگیری و ئاسایشی و دێموکراسیان لێ بکات.