کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوەدێرانی مافی مرۆڤ: بەرپرسانی ڕێژیم دەبێ بێلایەنانە سەبارەت به ئیدعای ئەشکەنجەی چالاکانی ژینگەپارێز لێکۆڵینەوە بکەن

12:25 - 18 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا موحاکمەکردنی چالاکانی ژینگەپارێزی لە ئێراندا درێژەی هەیە، که چاوەدێرانی مافی مرۆڤ داوایان لە بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کردووە، کە خێرا سەبارەت به ئیدعای ئەشکەنجەکرانی چالاکانی ژینگەپارێزی لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانە و ڕوون ئەنجام بدەن.

بەپێی ئەو هەواڵەی کە لە ڕێگەی سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لە یەکەمین کۆبوونەوەی دادگای تاوانبارانی دۆسییەی ژینگەپارێزی کە لە ١٠ی ڕێبەنداندا بەڕێوە چوو، به دەستی چاوەدێرانی مافی مرۆڤ گەیشتووە، لەو کۆبوونەوەیەدا و لە کاتی موحاکمەدا یەکێک لەو چالاکە ژینگەپارێزییانه باسی لەوە کردووە، کە ئەوان ئەشکەنجە دراون و ناچار کراون دان به تاوانەکانیاندا بنێن.

لەم پێوەندییەدا، مایکل پیج، بەڕیوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوینی چاوەدێرانی مافی مرۆڤ، ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی ڕێبەندان وتوویەتی: باڵاترین بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەبێ ئیدعای ئەم ئەشکەنجەکرانە بخەنە بەر لێکۆڵینەوە و بە زووترین کات ئەو چالاکانه ئازاد بکەن و کۆتاییی به پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤ بێنن.

هەر لەم پێوەندییەدا، لێئۆناردۆ دیکاپێریۆ، ئەستێرەی ناوداری سینەما و چالاکی ژینگەپارێز به بڵاوکردنەوەی تویتێک پشتیوانی خۆی لەم چالاکە ژینگەپارێزییانه دەربڕیوە.

ناوبراو لە تویتەکەیدا نووسیویەتی: چالاکان و پارێزەرانی ژینگەپارێزیی بەردەوام لە هەموو دنیادا به شێوەی نادادپەروەرانە دەسبەسەر دەکرێن. ئێمە دەبێ لەگەڵ ئەوانەیدا بین کە گیانیان بۆ پاراستنی داهاتووی هەسارەی ئێمە و دانیشتووانی ئەم هەسارەیە دەخەنە مەترسییەوە.