کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوەدێری مافی مرۆڤ داوای ئازادکردنی خێرای مامۆستایانی ناڕازی لە ئێران کردووە

12:34 - 17 بانەمەڕ 2722

ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا سەرەڕای دەبڕینی نیگەرانی لە پەرەگرتنی سەرکوتی ناڕەزایەتیی مەدنیی مامۆستایان، داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کردووە هەتا ئەو مامۆستایانەی کە بەهۆی بەشداری لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیدا دەسبەسەر کراون بە خێرایی و بە بێ مەرج ئازاد بکات.

لە بەیاننامەی چاوەدەێری مافی مرۆڤ کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی بانەمەڕ بڵاو بووەتەوە، هاتووە کە لە دوو حەوتووی ڕابردوودا لانیکەم ٣٨ مامۆستا لە ئێران دەسبەسەر کراون.

دەسبەسەرکردنی مامۆستایان دوای ئەوە هاتە ئاراوە کە شورای هاوئاهەنگیی ئەنجومەنی فەرهەنگی مامۆستایان لە ١ی مانگی مەی بانگەوازی خۆپیشاندانی سەرتاسەری دابوو.

ئەنجومەنی سینفیی مامۆستایان لە دوو ساڵی ڕابردوو بەردەوام بەنیسبەت بێ عەداڵەتی و دۆخی نالەبەری ژیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە بەو حاڵە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە جێگای وڵامدانەوە بە داواکاریی مامۆستایا، ئەوانیان بانگهێشت، دەسبەسەر و زیندانی کردووه.

سەرەڕای سەرکوتی مامۆستایان لەلایەن ڕێژیمی ئێران، مامۆستایان و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا ناڕەزایەتییەکانی خۆیان درێژە پێداوە و لەسەر داواکانیان پێداگرن.