کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوەدێریی مافی مرۆڤ: پچڕاندنی ئینتێرنێت لە ئێران، پێشلکردنی یاسای نێونەتەوەییە

12:23 - 30 خەزەڵوەر 2719

کوردستان مدیا: ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤ و هەواڵنێرانی بێ سنوور، بە بڵاوکردنەوەی بیانییەیەک، بەردەوامیی سەرکوتی ناڕازییان و پچڕاندنی ئینتێرنێتی لە ئێران مەحکووم کرد.

نووسینگەی ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤ لە بەیرووت، لە بەیانییەیەکدا کە شەوی سێشەممە، ٢٨ی خەزەڵوەر، بڵاوی کردەوە، نووسیویەتی، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ناڕازییان، لە سەرکوت زۆرترین کەڵکیان وەرگرتووە.

ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤ، پچڕاندنی ئینتێرنێت لە ئێرانی بە پێشێلکردنی یاسای نێونەتەوەیی زانیوە.

هەروەها ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور، لە بەیانییەیەکدا پچڕاندنی ئینتێرنێتی لە ئێرانی پێشێلکردنی مافی سەرەکیی دەستپێراگەیشتن بە زانیاری زانیوە و ئەم کارەی ڕێژیمی ئێرانی محکووم کرد.   

ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور، لەم بەیانییەیەدا ڕاگەیاندووە، پچڕاندنی ئینتێرنیت لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، شێوەیەکە کە دەیان جار بۆ سەرکوتی ناڕازییان بەکار هێنراوە، بەڵام هیچکات پچڕاندنی ئینتێرنێت، وەکوو ئێستا بەربڵاو و درێژخایەن نەبووە.

بە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی بەربڵاوی خەڵک دژی ڕێژیمی ئێران لە شارەکانی کوردستان و ئێران، ڕێژیم بە مەبەستی چەواشەکردنی ڕاستییەکان و سەرکوتی خەڵک، هێڵی ئینتێرنێتی پچڕاندووە و ئەمە کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە و بە هەموو شێوەیەک مەحکووم دەکرێت.