کوردستان میدیا: ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ڕێژیمی ئێران لە شاری ئیلام، چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبێکی چیرۆکی کوردیی منداڵانی ڕاگرت.
چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبی چیرۆکی منداڵان، بە ناوی "ژەنگە سوورە و مێروولە" (زنبور و مورچە)، کە بە زمانی کوردی نووسراوە، لە لایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی شاری ئیلامەوە پێشی پێ گیرا.
وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیلام، لە نامەیەکدا بە چاپەمەنیی "باشوور"ی ڕاگەیاندووە: "هەندێک لە بابەتەکانی ئەو کتێبە لەگەڵ یاساوڕێساکانی بڵاوکردنەوەی کتێب یەک نین، جلوبەرگی مێلوورە نابێ کوردی بێت".
چاپەمەنیی "باشوور" لە کاردانەوە بەرانبەر بە ڕێگە پێنەدان بە چاپ و بڵاوبوونەوەی ئەو کتێبە وتوویەتی: "هەڵسوکەوتگەلی دڵخوازانە لە ڕەوتی سانسۆری کتێبە کوردییەکانی ئەم چاپەمەنییە، کاری گەیاندووەتە قۆناغێک کە بۆ جلوبەرگی کاراکتێری منداڵانەی چیرۆکێکی ئاساییش، دەبێ قبووڵی بەربەستگەلی سەیر و سەمەرە بکەین. ئایا کێشانەوەی نیگاری جلوبەرگی کوردی دژ بە یاساوڕێساکانی بڵاوکراوە لە ئێراندایە؟ ئەگەر وا نییە، ئەی ئەمانە چین؟ ئەگەر وایە، ئایا ئەمە نموونەیەک لە ئاکاری دژە کولتووری، ئەویش لە ناوەندەکانی بڕیاردەری کولتوور و هونەر، دژ بە کولتووری کوردی نییە؟ ئایا ئەم جۆرە بەربەستگەلە، نموونەی زەرەر لێدانی ماڵی و مەعنەوی بە چاپەمەنی و نووسەر و نیگارکێشی ئەو بەرهەمانە نییە؟"
چاپەمەنیی "باشوور"، سەرەڕای مەحکوومکردنی ئەو شێوازە هەڵسوکەوتە دڵخوازانەیە، داواکاری لابردنی بەربەستەکانی بەردەم بواری بڵاوکردنەوەی کتێب بووە.
چاپەمەنیی باشوور، سەرماوەزی ساڵی ٩٧، بۆ چالاکی لە بواری زمان و ئەدەبی کوردیی باشوری ڕۆژهەڵاتی کوردستان مۆڵەتی وەرگرت و ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ دەست بە کار بوو.