کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"چاپەمەنی ئازاد لەژێر تێغی سانسۆر و پشتی دیوارە ئەستوورەکانی بەندیخانەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا ماوەتەوە"

13:58 - 15 بانەمەڕ 2718

نەوید کەرەمی

دێسامبری ١٩٩٣ی زایینی، شۆرای گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پشت بەستن بە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ، کە لە ساڵی ١٩٩١ی زایینی پەسند کراوە، رۆژی ٣ی مەی واتە ١٣ی بانەمەڕی وەک ڕۆژی جیهانی ئازادی چاپەمەنی دیاری کردووە؛ لە خاڵی ٢ لە ماددەی ١٩ی ئەو پەسندکراوەدا هاتووە: "هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئەوەی هەیە کە بە بێ ترس و دڵەڕاوکێ ڕاوبۆچوون و بیروباوەڕی خۆی باس بکات و بنووسێت، بە ئازادی و ئاسانی دەستی بە زانیاری دروست ڕابگات و لە رێگەی کەرەستەکانی ڕاگەیاندن بە بێ بەربەست‏ و سنوورێک بڵاوی بکاتەوە".

ئەو پێوەرانەی کە لە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤدا وەک بوونی ئازادی و دیمۆکراسییەت لە کۆمەڵگاکان دەسنیشان کراون، بوونەتە چرا و پاڵنەری ئازادیخوازان و نووسەران بۆ چالاکی و هەوڵدان بۆ وەدەستهێنان و مسۆگەر کردنی مافەکانی خۆیان و کۆمەڵگاکەیان.

بوونی ئازادی ڕادەربڕین و بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی تاکەکان، یەکێک لە پێوەرە سەرەکییەکانی بوونی ئازادی و دێموکراسی لە هەر کۆمەڵگایەکە، هەربۆیە ئازادی ڕاگەیاندن پێوەندییەکی یەکجار نزیکی بە گەشەکردنی کۆمەڵگاکان و پەرەسەندنی دێموکراسی لە جیهاندا هەیە.

ئەگەرچی لە ماددەی ٢٤ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە ئاشکرا باس لەوە کراوە کە: "ڕاگەیاندنەکان لە نووسین و باس کردنی ڕاستیی ڕووداوەکان و گواستنەوەی زانیارییەکان ئازاد و سەربەستن و هیچکەس بەهۆی هەبوونی بیروباوەڕی جیاوازەوە ئازار نادرێت"، بەڵام ئەو ڕێژیمە کە لە بنەڕەتدا دژی ئازادی و مافی مرۆڤە، هیچکات ئەو مافەی هاووڵاتییانی ڕەچاو نەکردووە و بەردەوام بە پاوانکردنی ناوەندەکانی ڕاگەیاندن، سانسۆر و قەدەغە کردن، سزادانی نووسەران و ڕاگەیاندنکاران بووەتە لەمپەڕ و هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە لەبەردەم گەشەکردنی کۆمەڵگای ئێران و بەردەوامیی چەقبەستوویی و دواکەوتوویی ئەو وڵاتە لە ئاست جیهاندا.

پاش ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی وەزاڵەهاتووی شارەکانی ئێران، ڕێژیم زۆر زیاتر لە جاران دەستی داوەتە سەرکوت و قەدەغە کردنی ڕایەڵەکانی ڕاگەیاندنی ئازاد و فیلتێر کردن و بەستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ڕووی خەڵکدا.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی هەواڵنێرانی بێسنوور، ئێران لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینیدا، هیچ پێشکەوتنێکی تایبەتی لەو بوارەدا بەخۆیەوە نەبینیوە و لە ڕیزبەندێکدا کە بڵاو کراوەتەوە، ئێران لە نێوان ١٨٠ وڵاتی جیهاندا، لە پلەی ١٦٤میندایە.

هەروەها لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنووردا هاتووە: "ئێران یەکێکە لە پێنج زیندانی گەورەی جیهان بۆ ڕۆژنامەنووسان، کە بە دەیان رۆژنامەنووس و هەواڵنێر لە ئێران دەسبەسەر و ڕاپێچی زیندانەکان کراون".

کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە خشتەی گەورەترین دوژمنانی ئازادیی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیدایە، بەردەوام چاوەدێری بەسەر چاپەمەنییەکاندا دەکات و بە سانسۆر، حەزف و ڕاگرتن، تەنیا ئیزنی چالاکی و بەردەوامی بەو کەسانە دەدات کە هاوبیر و هاوڕای حکوومەت بن، ئەو حکوومەتە بەردەوام بە تۆمەتگەلی وەک هەوڵدان دژی نیزام، گەندەڵی و بێئەخلاقی و ...هتد، نووسەران و ڕۆژنامەنووسان ئازار و ئەشکەنجە و بە حوکمی ناڕەوا سزایان دەدات.

ئەمساڵیش لە کاتێکدا یادی ئەو ڕۆژە جیهانییە دەکەینەوە کە لەژێر سێبەری ڕەشی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، ڕاگەیاندنکاران و ڕۆژنامەنووسان لە دۆخێکی مەترسیداری وەکوو هەڕەشە، ئەشکەنجە، گرتن، سزادان و کۆچی ناچاریدان. 

ئەگەرچی لە وڵاتان و تەنانەت لە ئێرانی فارسیدا، ئەرکی ڕۆژنامەوانان و نووسەرانی ئازاد، گەیاندنی ڕاستیی ڕووداوەکان و دانی زانیاریی دروست بە هاووڵاتییانە، بەڵام لە کوردستانی ئێمەدا کە دەسەڵاتداران کلتوور و زمانەکەشمان وەک هەڕەشە بۆ سەر خۆیان بەحیساب دێنن، ئەرکی ئەو توێژە قورسترە و هەوڵدان بۆ زیندووڕاگرتن و پەرەدان بە زمان و کلتووری نەتەوەکەمان لە پاڵ ئەرکی هەواڵنێرییەکەیان، ڕۆژانە ژیان و گیانی ئەو چالاکانە لە ئێرانی بەڵالێدراوی ژێر حوکمی ویلایەتی فەقیهیدا دەخاتە مەترسییەوە.

بڵاوکراوەکانی وەک "گۆڤاری سروە لە ورمێ و ئاوێنە لە تاران کە زیاتر بۆ ناوچەکانی کرماشان و ئیلام بڵاو دەبوویەوە، حەوتوونامە و بڵاوکراوەکانی ڕۆژهەڵات، دوو حەوتوونامەی کەرەفتوو، پەیامی خەڵک، ئەخباری کوردستان، ندای گروس کە لە سنە دەردەچوون" لە لایەن حکوومەتەوە قەدەغە و ڕاگیراون و چەندین کەس لە چالاکانی بواری ڕۆژنامەوانی و هەواڵنێرانی کوردی ڕۆژهەڵات لە لایەن ڕێژیمەوە سزا دراون یان بە ناچاری و لەژێر گوشاردا وڵاتیان بەجێهێشتووە کە دەکرێ ئاماژە بە کەسانێکی وەک "ئاسۆ ساڵح، عەدنان حەسەنپوور، شەهید کاوە جەوانمەرد، سدیق کەبوودوەند، ئیرەج عیبادی و جەلیل ئازادیخواز و ... هتد بکەین کە وەک بەڵگەی سەلمێنەری نەبوونی ئازادی ڕاگەیاندن لەژێر دەسەڵاتی رێژیمی دژی ئازادیی کۆماری ئیسلامیی بە هەژمار دەکرێت.

ئاکام

چاپەمەنی ئازاد لە هەر وڵاتێکدا، بەرهەمی ویست و مەیلی کۆمەڵگە و دەرخەری بەرزبوونەوەی ئاستی فەرهەنگی و گەشەکردنی سیاسیی خەڵکە و وەک پێوانەی بوونی ئازادی و دێمۆکراسییەت لەو وڵاتەدا بە ئەژمار دێن، هەر بۆیە پێویستە سەرنجێکی تایبەت بدرێت بە بواری ڕاگەیاندنی ئازاد و لاوازی و پێداویستییەکانی کۆمەڵگا و زوڵم و ستەمی دەسەڵاتەکان بە راستگۆیی بڵاو بکرێتەوە و بخرێتە بەردەم بیروڕای جیهانی.

نەڕەخساندنی وەها دەرفەتێکی ئازاد و زەوتکردنی ئەو مافە لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و دروست کردنی بەربەستی هەمەلایەنە بۆ سەر چاپەمەنییەکان و ڕاگەیاندنی ئازاد، ئەرکێکی قورس و گرینگی خستووەتە سەر شانی کەسایەتی و حیزبە خەڵکییەکانی ئەو وڵاتە، کە سەرنجی زیاتری ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆخی مەترسیداری چاپەمەنیی ئازاد لەژێر سێبەری ڕەشی ڕێژیم ڕابکێشن و ببنە یارمەتیدەری راستەقینەی خەڵکەکەیان بۆ ڕزگاری لە دەست دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گەیشتن بە ئازادی و دێموکراسی وڵاتەکەیان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.