کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاپەمەنییەکان لە ڕێگای مەرگدان

12:13 - 22 خاکەلێوه 2720

کارزان

لەو ڕۆژه خراپانەی کۆمەڵگەدا و لە کاتی نەخۆشیی گشتگیری کۆرۆنا لە جیهاندا، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پێکهاتەی باوەڕی خۆیان دەستیان بۆ لابردنی بلاڤۆکەکان لە گۆڕەپانی میدیاکاندا کرد.

بەو مانایە  کە جێگری چاپەمەنییەکان بڕیاری داخستنی چاپەمەنییەکانی دا و بەستێنێکی دروست کرد بۆ داخستنی چاپەمەنییەکان؛ ئەوەش بێ گومان حەزفی هەواڵنێران و ڕۆژنامەوانانی ڕەخنەگرە. لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "بە سەرنجدان بە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و ڕاسپاردەکانی وەزارەتی تەندروستی، دەرمان و فێرکاریی پزیشکی بەنیسبەت نێواندانانی کۆمەڵایەتی، بابەتی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە و بلاڤۆکەکان بە شێوەی کاغەزی تاوتوێ کرا و لە کۆمیتەی زانیاری و بەڕێوەبەری دۆخی ڕەوانیی ستادی میللیی بەڕێوەبەریی کۆرۆنا بڕیاری لەسەر دراوە".

بەپێی پەسندکراوی کۆمیتەی زانیاری و بەهۆی ئەوەیکە بڵاوکردنەوەی بلاڤۆکەکان بە شێوەی کاغەزی پێویستی بە کەسانی هەواڵنیر هەتا چالاکانی پیشەی چاپ و بڵاوکردنەوە هەیە، ئەو ڕەوتە خۆی دەتوانێت ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا. بۆیە بۆ ئەوەیکە پابەند بە بڕیارەکانی گەڵاڵەی نیشتمانیی نێواندانانی کۆمەڵایەتی، پەسندکراوی ستادی بەرەنگاربوونەوەی دژی کۆرۆنا بین، نوسخەی کاغەزیی هیچ بلاڤۆکێک بە کاغەز چاپ ناکرێت.

لە پەسندکراوەکاندا بۆ بیمەی بێکاریش باس لەوە کراوە: "ڕێکاری هاوبەشی جێگری پێوەندییەکانی کار و ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی بە ژمارە ۲۴۸۴۷۳ لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمەی ٩٨دا ڕاگەیەندرا و لەلایەن جێگری پیوەندییەکانی کاری وەزارەتی تەعاون کار و ڕفاهی کۆمەڵایەتی شی کرایەوە".

ئەو شێوەنامەیە، کرێکارانی کار و دابینکردنی کۆمەڵایەتی کە یاسای بیمەی بێکاری ئەوانیش دەگرێتەوە لە ئێستادا که بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە بە شێوەی کاتی بێكار دەناسرێن، ئەوانیش لەخۆوە دەگرێت.

تەنیا بێکارانی کاتی کە بیمەکراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتین دەتوانن وەبەر بیمەی بێکاری کەون.

لەو شێوەنامە هاوبەشەدا لە نێوان جێگری پێوەندییەکانی کار وەزارەتی تەعاون، کار و ڕفاهی کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە چۆنیەتیی دانی بیمەی بێکاری، چۆنیەتی زانیاری دان بە ئەو کەسانەی کە یاسای بیمەی بێکاری دەیانگرێتەوە، لە ماڵپەڕی بیمەی بێکاریدا ناویان تۆمار کردووە و بیمەیان پێدەدرێت، ڕێگاکانی دیاری کراوە.

لەو پەسندکراوەشدا باسێک لە میدیاکارانەوە نەهاتووە، دەتوانین بڵێین بێکاربوونی میدیاکاران بۆ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کارێکی گرینگ نییه. لە مێژووی ٤٠ ساڵەی ڕێژیمی ئێراندا لابردنی دژبەران و ڕەخنەگران کارێکی ئاسایی بووە و پێکهاتەی ئەو ڕێژیمە ئەوەیە جیابیران خەفە بکەن.

میدیاکان لە کوردستانیش لەو پەسندکراوە بەدەر نین و شایەدیش بە شێوەیەکی سەختتر لەسەر چالاکانی بواری بلاڤۆکەکان کار دەکەن هەتا بێدەنگ بن و لە بڵاوکردنەوەی ئاماری تووشبووان یان وتووێژ لەگەڵ بنەماڵەی تووشبووان خۆ ببوێرن. لە کوردستاندا ڕێژەیەکی کەم لە چوارچێوەی قەڵەمی "میرزا بنویسـ"ـدا کار دەکەن و لە دنیای مەجازیش سەرقاڵی نووسینی بابەتی دیکتە کراون و باسێک لە دەردی کۆمەڵگا ناکەن.

لابردنی میدیای نووسراوە لە کوردستان یانێ داخستنی زیاتر لە ٢٢ حاڵەتی بلاڤۆکی خۆجێیی کە ئەویش تەنیا زانیارییەک بڵاو دەکەنەوە. دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەیانهەوێی جینایەتێک که بەهۆی نالێهاتوویی لە بەرانبەر کۆرۆنادا ئەنجامیان داوە لە بایکۆتێکی خەبەریدا سەرپۆشی بکەن و بێ گومان کوردستان لە هەموو بەشەکانی دیکە ئێران زیاتر بێدەنگ دەکرێت و بەم چەشنەیە کە کوردەکان و میدیا کوردییەکان بە پەسندکراوەکانی ڕێژیمی ئێران بەرەو مەرگ دەڕۆن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.