کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاکسازییەکان لە عەرەبستان درێژەی هەیە

13:47 - 9 بانەمەڕ 2720

دەوڵەتی عەرەبستانی سعوودیە دەستی بە چاکسازی لە سیستمی دادوەریی خۆیدا کردووە و سزاکانی وەکوو قامچی، حوکمی ئێعدام بۆ منداڵان و حیجابی زۆرەملێی ژنانی لا برد.

هەوڵەکانی دەوڵەتی سعوودیە بۆ چاکسازی لە سیستمی دادوەری لەگەڵ پێشوازیی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بەرەڕوو بووەتەوە و داوا لە عەرەبستان دەکەن درێژە بە چاکسازییەکانی لە بواری مافی مرۆڤ لە وڵاتەکەیدا بدات.

سزای قامچی لە عەرەبستان هەڵگیراوە و لە جیاتیی ئەو سزایە جەریمەی نەختی و زیندان دانراوە.

هاوکات بەرپرسانی سعوودیە لە عەرەبستان لەبارەی دۆخی مافی ژنانەوە چاکسازییان کردووە.

ژنان لە ئێستادا لە بواری ڕەچاوکردنی حیجاب ئازادن و هەروەها بۆ خۆێندن و کار ئیتر پێویستییان بە ڕەزامەندیی سەرپەرستەکانیان نییە.

سعوودیە لە هەمانکاتدا ڕایگەیاندووە، لە بواری مافی مرۆڤ هەنگاوی کردەیی دیکەش لە داهاتوودا هەڵدەگرێت.

دەوڵەتی ڕیاز بەو هەوڵانە دیهەوێت دێموکراسی لە وڵاتەکەیدا دابین بکات و یاسای شارۆمەندی بەرەبەرە جێبەجێ بکات.

لە وڵاتانی ئیسلامیدا عەرەبستان وەک وڵاتێکی خاوەن پێگە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر ناوچەکە دابنێت.