کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چل ساڵ دۆڕان

11:10 - 24 بانەمەڕ 2719

سۆران شەمسی

نەتەوەکانی ئێران لەو کاتەوە کە هەستیان بۆ نەتەوەبوونی خۆیان کردووە و شوناسی نەتەوەیی خۆیان ناسیوە، تاکوو ئێستا بەردەوام لەژێر دەسەڵاتێکی سەرەڕۆ و چەوسانەوە و سەرکوتی بەردەوامی ئەو ڕێژیمەدان، سەرەڕای ئەوەی کە مێژوویەکی کۆن و بوارێکی کۆمەڵایەتیی قووڵیان هەیە، بەردەوام لەگەڵ کۆمەڵێک لە کێشە و گرفتەکان ڕووبەڕوو بوونەتەوە.

سەرەڕۆیی و زوڵم و ستەم، کۆمەڵگای ئێرانی لە پێشکەوتنەکان ڕاگرتووە و ڕێژیمیش لە ئێستادا بۆ مانەوەی خۆی زیاتر پەرەی بە لەسێدارەدان، کوشتن، تێرۆر و... داوە.

ڕێژیم، تێرۆریزم وەکوو کەرەستەیەکی سەرکوتکردن بۆ مانەوەی دیکتاتۆریەتیی "ویلایەتی فەقیهـ" بەکار دەهێنێت. ڕێژیمێکی بیرکۆن و کۆنەپەرستانە کە لە سەرەتاوە هیچ مێژوویەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بۆ وڵامی داواکارییەکانی کۆمەڵگا نەبووە؛ هەبوونی خۆی لەسەر دوو بنەمای سەرەکی دامەزراندووە، کە یەکەمیان سەرکوتی خەڵکی نێوخۆی وڵاتە و دووهەمیشیان ڕەوانەکردنی تێرۆریزم و ئاژاوەیە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە.

ڕێژیمی ئێران بە ھۆی لەسێدارەدانی بە کۆمەڵ لە بەرچاوی گشتییەوە (در ملأ عام) و لەسێدارەدانی لاوانی ژێر تەمەن ١٨ساڵ، تێرۆر، سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی نەتەوەکان لەو وڵاتە و بەکارھێنانی شێوەکانی وەکوو بەردباران و...، لە ڕیزبەندیی یەکەمی تاوانبارترین و جینایەتکارترین ڕێژیمەکەنی جیهاندایە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە چل میلیۆن خەڵک لەژێر هێڵی سنووری هەژاریدا ژیان دەکەن و بێکاری ڕۆژبەڕۆژ زۆرتر دەبێت، ڕێژیم لە بواری دۆخی دابینکردنی هەلی کار لە ئاستی جیهاندا لە نزمترین پلەدایە.

بەهای پارەی ڕێژیم بە ڕێژەیەکی زۆر دابثزیوە و ھاتووەتە خوارەوە، لە ئێستادا پارەی ڕێژیمی ئێران لە ڕیزبەندیی سێهەمی بێبایەخترین پارەی وڵاتانی جیهاندایە، هەروەها گەندەڵی، ماڵی ھەموو ئەندامانی کۆمەڵگای گرتووە و ڕێبەری ڕێژیمیش لە لووتکەی سەرەوەی ئەو گەندەڵیانەدایە.

گەندەڵیی حکوومەتی و دەوڵەتیش لە وڵاتدا گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی و لە بواری ئابوورییەوە وڵات فەلەج بووە؛ بە بۆنەی کانگا گەورەکانی گاز، نەوت و سەرچاوە سروشتییەکانی تر لە ڕیزبەندیی وڵاتانی جیهاندا لە خوارترین پلەدا تۆمار کراوە. نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی و مەودای نێوان چینەکانی کۆمەڵگا، ساڵانە بە ڕێژەیەکی زۆر زیاد دەکات و بەشێکی تازە لە کۆمەڵگای ئێران دەکەوێتە ژێر هێڵی هەژارییەوە. زۆربەی هەرەزۆری پیشە سەنعەتییەکانی وڵات لەو ئاستانەدا تێکشکاون و یان بەتەواوی هەموو پیشەکان تێکشکاون.

بەھۆی سیاسەتەکانی ڕێژیم و دەستێوەردانی لەڕادەبەدەر لە کاروباری نێوخۆی وڵاتان و داھێنانی ئاژاوەگێڕانە لە ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست و تەنانەت لەوەی کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گەمارۆی قورسی خستووتە سەر ڕێژێم، بۆ نموونە کە بۆ فرۆشتنی نەوتی خۆی چێوی هەڕاجی لێ دەدات. ھەنووکە ڕێژیم نەوتی خۆی ھەرزانتر لە نرخی نێوەنجیی ڕێکخراوی ئۆپێک دەفرۆشێت و خەراپتر لەوەش پارەی فرۆشتنی نەوت ناگەڕێتەوە بۆ وڵات و لە ڕاستیدا کاڵا و شتومەک لە وڵاتەکانی تر لە بەرانبەر فرۆشتنی نەوتدا وەردەگرێت، ھەروەها ئەو هاوردنانەش خۆی دەبێتە ھۆی دابەزینی بەرھەم لەو وڵاتەدا.

لە ئێستادا کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئێران لە مەترسیدارترین و زەرەرمەندترین کۆمپانیا ئاسمانییەکانی جیهانن و بەم بۆنەوە ھەزاران کەس گیانیان لەدەست داوە. هەروەها ڕێگای ھاتوچووەکانی وڵات لە ڕیزی مەترسیدارترینەکانە و ساڵانە دەیان ھەزار کەس لەم ڕێگایانە گیانی خۆیان لەدەست دەدەن، دەیان میلیۆن منداڵ بە ھۆی کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی، لە چوونە قوتابخانە بێبەری دەبن.

سیاسەتی ڕێژیم لە بەھاری پەروەردەی باڵادا کارەساتاوی بووە و ئاماری نەخوێندەواری لە وڵاتدا نموونەیەکی باشە بۆ ئەم ئاماژەیەش. ده توانین بڵێین کە کارەساتبارترین پێشھاتەکان لە ڕێژیمی ئێسلامیدا، دووبارە بڕیاری ڕۆژ بە دەستی مەلاکان بووە. یەکەمین حاکمی شەرعی ڕێژیمی کۆماری ئێسلامیش لە کوردستان خەڵخاڵی بوو و بەم شێوازە لە مەلاکان وەکوو خەڵخاڵی، ئیدارەی دادپەروەریان گرتە دەست. ڕادەی بڕیاری دەرکردنی حوکمەکان لە دادگا شەرعییەکانی ئێراندا، خۆی نیشانەیەکی ئاشکرایە لە سەرلێشێواویی دۆخی وڵات لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا، ڕەشترین بەشی کارنامەی ڕێژیم لە پەیوەندی لەگەڵ ژنانە و ژنانی شۆڕشگێڕی بەندکراوی نێو بەندیخانە دڕندانەکانی ڕێژیم، لە سالانی سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئەو وڵاتەیە. لە کوشتن و لەسێدارەدانی دژبەرانی ڕێژیم و چالاکانی سیاسی لە دەیەی شەستدا، ھەزاران کچ و ژن لە بەندیخانەکانی ڕێژیم ئەشکەنجە دراون و کاربەدەستانی ڕێژیم لەو بەندیخانانە دەستدرێژییان کردە سەریان.

ڕێژیم لەگەڵ ئازادییەکانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی بە توندترین شێواز دژایەتی دەکات و بەم مەبەستەش دڕندانەترین شێوازی سەرکوت پەرە پێ دەدات و نەتەوەکانی دیکەی وڵات لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان بێبەش بوونە.

بەشێکی گرینگ لە ھێزەکانی ئەمنیەتی ڕێژیم لە سەرەوەی هەموویانەوە بەسیج و ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران، لەباتی ڕاگرتنی ئەمنییەتی وڵات، سەرقاڵی داسپاندنی زۆرەملێ و توندتر کردنەوەی لەچکپۆشینی ژنانن (حجاب اجباری) و لێکۆڵینەوە لە ژنان بە تۆمەتی نەپاراستنی یاسای ئیسلام و لابردنی لەچکیش (پایمال شعوناعت اسلام و بدحجابی) لە بەرنامەکانیانە، هەروەها بەم هۆکارانەوە، ژنان، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەکان دەکرێن. مافی ژنان و منداڵان بە شێوازێکی ڕێکخراوەیی و توند پێشێل دەکرێت و ڕۆژانەش کارەساتێکی ترسناک بە ھۆی جێبەجێکردنی یاساکانی دژی ژنان و مافەکانی ژنان و منداڵان دەخۆلقێت.

٤٠ ساڵە کە بناژۆخوازیی ئێسلامیی حاکم لە ئێراندا، لە ناوەندی تاوانی خۆیاندا دژایەتیی توندیان لەگەڵ ژنان جێگیرکردووە و جێ خستووە و هەروەها لە ڕێگای سەرکوتی ئەوانەوە هەموو کۆمەڵگای ئێرانیان تۆقاندووە. ٤٠ ساڵە تاوان و جینایەتەکانی ڕێژیم دژی ژنان، نەک ئەوەی کە مەسڵەحەتی بێت، بەڵکوو بڕیارێکی ئەمنییەتی و بە تەواوەتی ئایدئۆلۆژیکییە و لە ڕوانگەی ویلایەتی فقیهەوە، ژن بوونەوەرێکی ناتەواو و لە پەراوێزخراوە و دەبێت وەکوو کەنیزە بەکار بهێنرێت و تەنیا جێبەجێکاری بڕیاری باڵاسەرەکانی خۆی بێت و کۆیلایەتی بکات.

بەڵام لە ماوەی ئەم ٤٠ ساڵەدا ژنانی ئێران و بەتایبەت ژنانی کوردستان، ھیچکات لە بەرانبەری دیکتاتۆریەتی ئایینیدا بێدەنگ نەبوونە، ئەوان ھاوشانی پیاوان هاتوونەتە ڕیزی خەباتی دژی سەرەڕۆیی ئایینییەوە کە ئەمڕۆ لە قامەتی سەرەکیترین ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم لە ئاستی ڕێبەریی سیاسی و ھەروەھا لە پێشەوەی ڕیزی ڕاپەڕینەکانی دژی زوڵم و دیکتاتۆریەتیی دەسەڵاتدارانی ئێران، لەسەر نیشتمانیان لە بەرانبەری حکوومەتی بناژۆخوازی ئایینی ڕیزیان بەستووە.

لە ڕاستیدا بە کردەوە ناتوانین ڕێژیمی ئێران لە چوارچێوەی ڕێژیمێکی سیاسیدا پۆلێنبەندی بکەین، چون ئەم ڕێژیمە بۆ مانەوەی خۆی لە ڕەوشتی ھەموو ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان لە بواری سەربازی و پاشایەتی و سەرەڕۆییخوازی و گشتگیرخوازی کەڵک وەردەگرێت.

لە ڕاستیدا سەرانی ڕێژیم بۆ مانەوەی خۆیان لە دەسەڵات، ھیچ ھێڵێکی سنوورییان نەهێشتووەتەوە و لە ھەموو شێوازێکی ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان بۆ سەرکوتی خەڵک کەڵک وەردەگرن.

یەکێک لە دەسکەوتەکانی مۆدێڕنی شارستانیەتی مرۆڤی ئەمڕۆیی، ڕێزگرتن لە گیانی مرۆڤەکانە، لەم بارەوە دەتوانین بزانین کە خەسڵەتی دژی مرۆڤ تا چە ڕادەیەک شایستە و بایستەی ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهە. چون ئەم ڕێژیمە لە سەرەتای دامەزرانی خۆیەوە تاکوو ئەمڕۆ تەنیا کردەوەی دژەمروڤایەتی لەسەر نەتەوەکانی وڵات دەست پێ کردووە.

بەگشتی ڕێژیمی ئێران لە چل ساڵی ڕابردوودا، بۆ خەڵکی ئێران ھیچ دەسکەوتێکی نەبووە و تەنیا دیاریی ئەم ڕێژیمە، هەژاری، بێکاری، ھەڵاواردنی ڕەگەزی، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، بە فەرمی نەناسینی مافی نەتەوەکانی ئەو وڵاتە، زەخت، پیلان و سەرکوت بووە. لە چل ساڵی هاتنەسەرکاری ئەم ڕێژیمەدا باس لە ڕووداو نییە، ڕەوتی تەواونەبوونی ڕووداوەکانە، کە یاری بە گیانی مرۆڤەکان دەکات و گیانی دەیان و سەدان میلیۆن مروڤی ئەستاندووە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.