کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"چلچەمە" لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە مێلیتاریزە کراوە

11:39 - 21 بانەمەڕ 2720

پاش شەڕ و تێکەڵچوون لەنێوان سپای تێرۆریستی پاسداران و گرووپێکی چەکداری نەناسراو لە کێوی "چلچەمە و سوڵتان"، سپای تێرۆریستی پاسداران ئەو ناوچەیەی بە هێزێکی زۆرەوە گەمارۆ داوە.

بەپێی زانیارییەکان، پاش شەڕ و تێکەڵچوونی چەکداری لەنێوان سپای تێرۆریستی پاسداران و گرووپێکی چەکداری نەناسراو لە کێوی "چلچەمە و سوڵتان" و کوژرانی چەند ئەندام و فەرماندەیەکی سپای تیرۆریستی پاسداران، ڕێژیم ئەو ناوچەیەی بە شێوەیەکی چڕوپڕ مێلیتاریزە کردووە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێژیم لەو ماوەیەدا بە هێزی ئاشکرا و لیباس شەخسییەوە لەو ناوچەیەدا خەریکی گەڕانە و بە بیانووی "گیاکەندنـ"ـەوە هێزەکانی ڕەوانەی ئەو شاخانە دەکات.

سەرچاوەیەک لەو بارەوە وتی کە زیاتر لە ٥٠ سایپا بە ناوی گیاکەندنەوە چوونەتە ئەو شوێنە کە ئەمە زۆر زیاتر لە ئاستی چاوەڕوانکراوی هەمیشەیی هاتنی خەڵک بۆ گیاکەندن لەو ناوچەیەدایە.

هەروەها سپای تێرۆریستی پاسداران ڕۆژی شەممە بە هێلیکۆپتێرەوە هێزی لەو شوێنەدا دابەزاندووە و بەسەر ناوچەکەدا گەڕاوە و چەند جارێکیش لە گوندی "گۆگجە" نیشتووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی ڕێژیم، هەر کەسێک بڕوات بۆ ئەو شاخانە پێشی پێ دەگرن و لێپێچینەوەی لێ دەکەن.

لەلایەکی دیکەشەوە هەندێک سەرچاوە باسیان لەوە کردووە کە "قەرارگای شارامفەر"ی سپای تێرۆریستی پاسداران لە سنە، لەسەر جادەکانی گوندەکانی ئەو ناوچەیەدا جێگیر بووە و بە دانانی سەیتەرە لە هاتوچۆی خەڵک بۆ ئەو ناوچەیە پێشگیری دەکات.

سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ زاڵبوونی زیاتر بەسەر ناوچەکەدا، پایەگاکانی دەوروبەری چلچەمەی بە هێزی خۆی تەنیوە.

ئەو گەمارۆیە هەتا ئیستاش بەردەوامە و وێدەچێت ڕێژیم بەدوای دۆزینەوەی لایەنی بەرانبەری شەڕەکەی لەو ناوچەیەدا و وەدەستخستنی زانیاریی زیاتر لەو بارەیەوە بێت.