کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار فەرمانبەری شارەداریی بۆکان بەهۆی گەندەڵییەوە دەسبەسەر کران

19:05 - 22 خەزەڵوەر 2721

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" شارەداریی بۆکان نوقمی گەندەڵی بووە و دەستیان بە خواردنی پارەی هاووڵاتییان کردووە.

ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چوار فەرمانبەری شارەداریی بۆکان بە ناوەکانی "ئاوات ئیفتخاری" بەرپرسی پۆلیسی بیناسازی، "کاوە شیری" و دوو کەسی دیکە بە تاوانی گەندەڵیی ماڵی دەسبەسەر کراون.

زانییارییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو تاوانبارانە نزیک بە سێ هەزار بینای بێمۆڵەتیان دروست کردووە و بە شێوەی نایاسایی پارەیان لە بەرانبەر دروستکردنی ئەو بینایانە لە هاووڵاتییان وەرگرتووە.

لە پرۆسەی دەسبەسەرکردنی ئەو کەسانە، تاوانباری یەکەم بە ناوی "بابەک ڕۆستەمپوور" شارەداری پێشووی بۆکان دەسبەسەر نەکراوە، لە حاڵێکدا ناوبراو بڕی ١٨٠ میلیارد تمەن بە پەیمانکارانی ئەو بینایانە قەرزدارە.

گەندەڵی بە پشتیوانیی کەسانی باڵادەست، هەموو بنکە دەوڵەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانی گرتووەتەوە و هیچ کەسیش لەهەمبەر ئەو گەندەڵییانەدا بەرپرسیار نییە.