کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار لەسەدی تاڵاوی هورولعەزیم لە ماوەی ٥ ڕۆژدا وشک بوو

13:27 - 4 خەرمانان 2721

''محەممەد جەواد ئەشرەفی'' بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی ئەحواز ڕۆژی چوارشەممە ٣ی خەرمانان وتوویەتی کە لە کەمتر لە ٥ ڕۆژدا، ٤ لەسەدی تاڵاوی هورولعەزیم وشک بووە، واتە ئەو تاڵاوە لە حەوتووی ڕابردوودا ٧٢ لەسەد ئاوی هەبووە بەڵام لە پێوانەکردنی نوێدا پانتایی ئاوی هورولعەزیم بووەتە ٦٨.٥ لەسەد کە ڕووداوێکی مەترسیدارە.

لە ماوەی ڕابردوودا چەند بەرپرسی ڕێژیمی ئێران یەک لەوان ''ئەحمەد ڕەزا لاهیجان زادە'' جێگری ژینگەی دەریایی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران ڕایگەیاند کە وەزارەتی نەوت بۆ دابەزاندنی تێچووی دەرهێنانی نەوت لەو ناوچەیە لەلایەن شیرکەتەکانی چینی، مۆڵەتی وشککردنی بەشێک لەو تاڵاوەیان لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی لە شۆاری باڵای ئەمنیەتی میللیی ڕێژیمی ئێران وەرگرتووە.

ناوبراو وتبووی کە هورولعەزیم بە پێشنیاری شیرکەتێکی چینی و بە مۆڵەتی شۆرای ئەمنیەتی ئێران وشک بووە.

لە مانگەکانی ڕابردوودا قەیرانی بێ ئاوی لە ئەحواز بوو بە هۆی ئەوەی کە خەڵکی ئەو پارێزگایە و چەندین شاری دیکەی ئێران دژی ڕێژیمی ئێران بڕژێنە سەر شەقامەکان کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە بە توندی سەرکوت کران.