کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار هەزار منداڵی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی دەرەوە دەژین

12:05 - 4 جۆزەردان 2722

"مورتەزا میرییان" سەرۆکی ئیدارەی عەمەلیاتی زەوینی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە بەرنامەیەکی تێلێڤیزیۆنیدا وتوویەتی کە ٤ هەزار منداڵی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە ئورووپا و وڵاتانی کانادا و ئامریکا دەژین.

ئەو قسانەی "میرییان" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دژکردەوەی توندی ڕێژەیەک لە لایەنگرانی ڕێژیمی لێ کەوتەوە.

بابەتی ژیانی منداڵانی بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێران لە دەرەوەی وڵات و شێوەی گوزەرانیان زۆر جار لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوونەتەوە. ئەو بابەتە ساڵی ٩٨ بە ڕادەیەک داوێنی کەشی سیاسیی ئێرانی گرتەوە کە نوینەرانی مەجلیسی ڕێژیم باسیان لە چاوپێخشاندنی دوو گەڵاڵە کرد کە ئامانجیان ئەوە بوو پێش بە ژیانی منداڵانی پلە یەکی بەرپرسان لەو وڵاتانە بگرن کە بە وتەی خۆیان دژایەتییان لەگەڵدا هەن.

هەروەها بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بەو بابەتە ڕەخنەیان لە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە گرتووە و وتوویانە کە دروشمی بەرپرسانی ڕێژیم دژ بە وڵاتانی ڕۆژاوایی تەنیا بۆ خەڵکی ئێرانە نەک بۆ منداڵەکانیان.