کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار هەزار پزیشک و ٣٠٠ هەزار دەرچووی زانکۆ لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو لە ئێران کۆچیان کردووە

11:28 - 2 سەرماوەز 2721

"ئێحسان قازیزادە هاشمی" بەناو نوێنەرێکی خەڵک لە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو، نزیکەی چوار هەزار پزیشک و ٣٠٠ هەزار دەرچووی زانکۆ کە خاوەن بڕوانامەی کارناسیی باڵا و دوکتوران، لە ئێران کۆچیان کردووە.

بێکاری و خراپیی دۆخی ئابووری، نەبوونی ئازادی و دەسەڵاتی دیکتاتۆری، هەروەها بێهیوابوون لە داهاتووییەکی گەش و گونجاو لە ئێران، بە هۆکارە سەرەکییەکانی کۆچی هەڵکەوتەکان دێنە ئەژمار.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیدارەی فیدراڵی کۆچ و پەنابەریی ئاڵمان، نزیکەی ٤٧ لەسەدی پەنابەرانی ئێرانی و کوردستانی ڕۆژهەڵات، بڕوانامەی سەرتر لە دیپلۆمیان هەیە.

هەروەها بەپێی ئاماری فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، زیاتر لە ٤ ملیۆن لە خەڵکی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات لە هەندەران ژیان دەکەن کە نزیکەی یەک و نیو ملیۆنیان بە شێوەی ڕاستەوخۆ کۆچیان کردووە.

ئامارە نافەرمییەکانیش باس لەوە دەکەن کە لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە تا ئێستا، نزیکەی شەش ملیۆن کەس لە خەڵکی ئێران و کورستانی ڕۆژهەڵات، زێدی خۆیان بەرەو هەندەران بەجێ هێشتووە.

هەڵاتنی مێشکەکان لە ئێران و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، ٣٠٠ بەرابەری شەڕی ئێران و عێراق زیانی بە ئابووریی ئێران گەیاندووە.