کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار چەکداری ڕێژیمی ئێران لە سووریە کوژراون

18:34 - 13 بانەمەڕ 2720

لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆسەر ناوەندێکی نیزامی لە "حومسـ"ـی سووریە چوار چەکداری ڕێژیمی ئێران کوژران.

 ڕۆژی شەممە ١٢ بانەمەڕ، هەواڵدەرییەکانی سووریە بڵاویان کردەوە ڕووداوی تەقینەوە لە ناوەندی نیزامیی ئەرتەشی سووریە لە حومس "هەڵەی ئینسانی" بووە و لە کاتی جێبەجێکردنی تەقەمەنی ئەو تەقینەوەیە ڕووی داوە.

ئەرتەشی ڕێژیمی سووریە وتوویەتی، لە ئاکامی چەند تەقینەوەی یەک لە دوای یەکدا چەند کەس کوژرا و بریندار بوونە بەڵام ئاماژە بە شوناسی کوژراوەکان و هێزەکانی ڕێژیمی ئێران نەکردووە.

بە پێچەوانەی سەرچاوەی هەواڵدەرییەکانی سووریە؛ چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە لە ''لەندن'' باسی لەوە کردووە ئەو تەقینەوەیە لە ئاکامی هێرشی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕووی داوە و چوار ئێرانی لەو هێرشەدا کوژراون.

ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠١٢ی زایینیەوە  لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی سووریەدا بەردەوام بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی سووریە و میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و هێزی قودسی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێرانی کردووەتە ئامانج.

ئیسرائیل بوونی هێزی نیزامی ئێران لە سووریەدا بە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر خۆی دەزانێت.