کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار ڕۆژ دوای هێرشی سایبێری، نێوەی پۆمپی بێنزینەکانی ئێران نەهاتوونەوە سەر حاڵەتی ئاسایی

17:16 - 8 خەزەڵوەر 2721

چوار ڕۆژ دوای هێرشی سایبێری بۆ سەر سیستمی زیرەکی پۆمپی بێنزینەکان لە ئێران، بەپێی ئەو ئامارانەی کە بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، نزیکەی ٥٠ لەسەدی پۆمپی بێنزینەکان نەهاتوونەتەوە سەر حاڵەتی ئاسایی و بێنزینی ئازاد دەفڕۆشن.

''جەلیل سالاری'' بەرپرسی شیرکەتی پاڵاوتن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان، ڕۆژی شەممە ٨ی خەزەڵوەر، وتوویەتی هەتا ئێستا ٢ هەزار و ١٠٠ پۆمپی بێنزین هاتوونەوە سەر حاڵەتی ئاسایی و دەتوانن بە کارتی سوتەمەنی بێنزین بفرۆشن.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٤ی خەزەڵوەر بە دوای لەکارکەوتنی سەرجەم ٤ هەزار و ٣٠٠ پۆمپی بێنزین لە شارەکانی ئێران و دروستبوونی سەفی دوورودرێژی ماشینەکان بەرپرسانی ڕێژیم پشتڕاستیان کردەوە کە هێرشی سایبێرییان کراوەتە سەر.

بەرپرسانی ڕێژیم پێشتر وادەیان دابوو کە ئەو کێشەیە بە یەک ڕۆژ چارەسەر دەکەن، بەڵام ئەوە ٤ ڕۆژ لەو ڕووداوە تێدەپەڕێت کە هەتا ئێستا ٢هەزار و ٢٠٠ پۆمپی بێبزنین بە سیستمی زیرەکی سوتەمەنی پێوەست نەبوونە و لە زۆرێک لەو شوێنانە بێنزینی هەزار و ٥٠٠ تمەنی بە خەڵک نافڕۆشرێت.