کوردستان میدیا: چواردەیەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان، پاش تێپەڕینی ٥ ڕۆژ و بە بەشداریی ١١ وڵاتی جیهان، لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.
فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان کە لە ڕۆژی ١ی خەرمانانەوە دەستی پێکردبوو، ڕۆژی سێشەممە، ٥ی خەرمانان بە دەستنیشانکردنی سەرکەوتووانی فێستیڤاڵەکە لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا کۆتایی پێهات.
ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی ئەم فێستیڤاڵە لە هۆڵی "نشاتـ"ـی شاری مەریوان بەڕێوەچوو.
چوارەدەیەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان، بەگشتی ٨٦ نواندن لە ٢٨ گرووپی نێوخۆیی ئێران و ١٠ گرووپی دەرەوەی ئێرانی لەخۆگرتبوو.
یەکەمین ڕۆژی فێستیڤاڵەکە بە نمایشکردنی گرووپێکی ئیتالیایی لە پارکی "شانۆ"ی شاری سنە دەستی پێکرد. لە ڕۆژی دووهەمدا، ١٥ نواندن، ڕۆژی سێهەم ٣١ نواندن و لە ڕۆژی کۆتاییشدا، ٧ بەرهەم لە شاری مەریوان بۆ بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە نمایش کران.