کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوونەسەرەوەی ٨٠٠ لەسەدیی کرێ خانوو لە کوردستان و ئێراندا

12:22 - 4 گەلاوێژ 2720

لە پارێزگای "کرماشان" و هەندێک پارێزگای ئێران، کرێ خانوو بە ڕێژەی ٨٠٠ لەسەد گران بووە.

بەرپرسێکی وەزارەتی ڕێگاوبانی ڕێژیمی ئێران باسی لە چوونەسەرەوەی ٨٠٠ لەسەدیی کرێ خانوو لە ئێراندا کردووە و سەرەڕای خۆدزینەوە لەو بەرپرسیاریەتییە، ئەو کێشەیەی خستووەتە ئەستۆی خەڵک و وتوویەتی: "هۆکاری سەرەکیی گرانبوونی کرێ خانوو لە ئێران، نائاگایی و نەزانیی خەڵکە".

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لە گرانبوونی کرێ خانوو لە تاران بە ڕێژەی ١٠٠ لەسەد، گەورە شارەکان ٢٠ لەسەد و لە شارەکانی دیکەی ئێران بە ڕێژەی ١٥ لەسەد کردووە.

نرخی خانوو لە ئێران بە ڕادەیەک بەرز بووەتەوە کە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی خانوو لە ئێران بەهۆی دۆخی نالەباری ئابوورییەوە ڕاوەستاوە.

هەروەها نرخی کرێ خانوو بە ڕادەیەک بەرز بووەتەوە کە زۆربەی خەڵک لە بەر نەبوونی توانا بۆ دابینکردنی خانوو لە شوێنی گونجاودا، ناچارن ڕوو لە گەڕەکە پەراوێزنشینەکانی شارەکان بکەن.

لە ئێستادا کە بەهۆی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران ئابووریی ئەو وڵاتە داڕماوە، نەتەنیا نرخی خانوو و کرێ خانوو، بەڵکوو خەڵک لە دابینکردنی پێداویستییەکانی بژێویی ژیانیان تووشی کێشە بوونە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ڕێژەی هەژاری و چارەڕەشیی خەڵکی ئیران پەرە دەستێنێت.