کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چۆن چینی "گەنج" دەبێتە گەنجینەیەک بۆ وڵات یان نەتەوەیەک

18:06 - 8 پووشپەڕ 2720

دانا ڕاست خدیو

گەنج لە ڕەوڕەوەی مێژوودا بە کۆمەڵێک ماڵ و سامان دەوترێت کە مرۆڤەکان بە بەدەستهێنانی دەوڵەمەند دەبن و کەموکوڕییەکانی ژیانیانی لە بواری ماڵییەوە پێ پڕ دەکەنەوە، گەنج دەتوانێت هەم وەک شتێکی شاردراوە و بە ڕێکەوت وەدەست هاتبێت یان بە هەوڵ و زەحمەتی مرۆڤەکانەوە لە ڕێگەی بازرگانی و کارکردنەوە بەدەست هێندرابێت.

لە تەمەنی مرۆڤەکانیشدا قۆناغێک هەیە کە لە ١٥ ساڵییەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە ٣٥ ساڵ، ئەو چەند ساڵە پێی دەوترێت تەمەنی "گەنجیەتی" و هۆی سەرەکیی ناودێرکردنی ئەو قۆناغەی لە ژیانی مرۆڤەکان بە "گەنج" دەرخەری بەنرخبوونی ئەو سەردەمەیە لە ژیانی مرۆڤەکان کە بە گەنج شووبهێندراوە.

چینی لاو لەو قۆناغەی ژیاندا (گەنجیەتی) هێز و پۆتانسییەلێکی زۆری لە ڕووی جەستەیی و لە ڕووی ڕۆحی و ڕەوانییەوە هەیە کە هەم خودی گەنجەکان و هەم سیستەمی حکوومەتڕانیی وڵاتێک دەتوانێت بە باشترین شێوە کەڵکی لێ وەربگرن، لە قۆناغی تەمەنی گەنجیەتیدا بە درێژایی مێژوو گەنجەکان توانای خۆیان لە ڕەوتی پێشەوەچوون و پێشکەوتن یان بەشداری لە حکوومەتداری، یان بزاوتنی شۆڕشێک و سەرهەڵدان لە دژی حکوومەتێک شوێندانەریی ڕاستەوخۆ و کارایان ببێت، دەرخستووە.

لە وڵاتە پێشکەوتوو و دێموکراتیکەکاندا لەو دەرفەتە بە باشترین شێوە کەڵک وەردەگرن و شوێندانەریەکەشی لێ بە ڕوونی دیار و بەرچاوە، جا پێویستە ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە چوونیەتیی پەروەردە و بارهێنان و گرینگیی ئەو بابەتە خۆی ڕوڵێکی سەرەکیی هەیە لە پێگەیاندنی گەنجی لێهاتوو و خاوەن بیرۆکەی بەرەوپێشچوون، لەو وڵاتانەدا هەستیان بەوە کردووە لە جیهانی ئاڵۆزی ئێستا و سەردەمی پێشکەوتنی تێکنۆلۆژیای ئەمڕۆدا ئەگەر لە وزە و هێزی لاوەکان بە باشی کەڵک وەرنەگیردرێت ئەوا خۆڵی دواکەوتن و لەجێی خۆمانەوە بە چاوی خۆیاندا دەچێت و ئەو دەرفەتە زێڕینە هەم لە گەنجەکان و هەم دەسەڵاتدارەکان دەسەندرێتەوە و جێگەکەی وەک ئاسەوارێکی نەرێنی بەسەر مێژووی  وڵاتەکەیانەوە قورسایی دەکات.

بەڵام لە وڵاتە پاوەنخواز، کۆلۆنیاڵیستی، توتالیتر و دیکتاتۆرەکاندا بە تەواوی پێچەوانەی وڵاتە پێشکەوتووەکانە، چۆن بیری تەسکی شۆڤێنیزمی و تینوانی دەسەڵات پێیان وایە کە هەرچی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەتایبەتی چینی گەنج ئاگاتر و خوێندەوار و هوشیارتر بن ئەوا زیاتر لە هەموو کاتێک دەسەڵات و حکوومەتەکەیان دەکەوێتە مەترسییەوە.

هەربۆیە هەموو هەوڵ و ماندووبوونێکی دیکتاتۆرەکان لە پێناوی کپکردنی و سەرکوتکردنی دەنگ و ڕەنگ و لێهاتوویی چینی لاوە و نایەڵن چینی گەنج و لاو ئاگا و هوشیار و خوێندەوار بن بەنیسبەت پرسە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و ژینگەییەکانی وڵات.

پێویستە ئەوەش بزانین کە چەکی هەرەگرینگی دیکتاتۆرەکان نەخوێندەواری و نائاگایی کۆمەڵگایە و ئەو چەکە وەک گورزێکی کوشەندە هەموو کاتێک بەکار هاتووە و تا ڕادەیەکی بەرچاویش دیکتاتۆرەکان توانیویانە ماوەی دەسەڵاتداری خۆیانی پێ درێژ بکەنەوە و لەسەر کورسی دەسەڵات بمێننەوە.

هەروەها لەو وڵاتە فرە نەتەوانەدا کە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرییەت هەیە، نەتەوە بندەستەکان لەو بوارەوە پشکی شێریان بەردەکەوێت و چینی گەنج زیاتر سەرکوت و خەفەقان دەکرێت، بەربەست و لەمپەڕێکی زیاتریان بۆیان داناوە تا بەلەمی ئاگایی و بیر و هزریان نەگاتە زەریای بێ کۆتایی ئازادی و سەربەستی،    چونکە گەورەترین مەترسی لەلایەن ئەو جۆرە دەسەڵاتدارانەوە ئاگایی و هۆشیاریی نەتەوەییە.

بۆ نموونە دەتوانین ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەک ڕێژیمێکی تۆتالیتێر، دیکتاتۆر، کۆلۆنیاڵیست و فاشیستی مەزهەبی ناو ببەین کە بۆ مانەوەی خۆی لەسەر دەسەڵات لە هیچ کردەوەیەکی تێرۆریستی و جینایەتکارانە و زەبر و زەنگێک نەک هەر دەست ناپارێزێت بەڵکوو لە هەوڵی پەرەسەندن و بەربڵاوبوونەوەی هەرچی زیاتریاندایە، ئەمە لە نەتەوەی کورددا بە ڕوونی دیار و بەرچاوترە و لە سیستەمی ڕێژیمی ئاخوندیدا سیاسەتی سڕینەوە و پاکتاوکردنی نەتەوەی کورد وەک نەریتێکی پیرۆزی لێ هاتووە و وەک ئەسڵێکی نەگۆڕ پەیڕەو دەکرێت.

وەک پێشتریش باسمان کرد دیکتاتۆرەکان لە ترسی لەدەستچوونی دەسەڵاتی خۆیان هەموو کاتێک هەوڵ دەدەن کۆمەڵگا، بەتایبەت گەنجەکان لە زەلکاوی بێ ئاگایی و نەخوێندەواریدا نوقم بکەن و بە زەقکردنەوەی چەند پرسێکی ناگرینگ و لاوەکی، پرسە گرینگەکانیان لە بیر باتەوە و سەرپۆش بخاتە سەر جینایەتەکانی خۆی.

بۆیە گەنجی کورد کە لەژێر ڕکێفی ئاوا دیکتاتۆرێکدا نەک هەر هەلی بۆ ناڕەخسێت کە توانا و لێهاتووییەکانی بخاتە گەڕ بەڵکوو  ڕێژیمی سەرکوتگەری ئاخوندی چەندین کردەوە و دیاردەی دزێوی وەک: "تووشبوونی بە ماددە سڕکەرەکان، بێ ئەخلاقی، برسی و هەژارکردنی خەڵک، لەشفرۆشی، دزی، لێسەندنەوەی ئازادی یتاک و خۆشییەکانی ژیان، خەمۆکی، خۆکوژی و تەڵاق و... هتد" وەک بەرهەمی دەسەڵاتی خۆی بەسەر لاوی کورددا سەپاندووە. 

ئێمە کە نەتەوەی بندەست و شارۆمەندی دەرەجە پێنج و شەش چاومان لێ دەکرێت و لە کاتی شۆڕشداین دەبێ سەرنجێکی زیاتر و خوێندنەوەیەکی وردتر  بەنیسبەت گەنجەکانەوە بکەین، هەر بۆیە ئەگەر بمانەوێت ئەو گەنج و سامانە نەتەوەییە وەک سەرمایەیەکی بەنرخ چاوی لێ بکەین و وەک قەڵغانێک لە دژی ڕێژیمی ناوەند کەڵکی لێ وەربگرین، ئەوا پێویستە سەرەتا ڕادەی تواناکان بناسین و چەندی و چۆنیی کەڵک لێوەرگرتنیان پێناسە بکەین.

دوای ئەو قوناغە دەبێ بزانین ڕێژەی ئامادەیی و خۆتەیارکردنی گەنجەکان چەندە و دەتواندرێت لەسەریان حەسێب بکرێت، دەبی وڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە؛ ئایا ڕەوتی ئاسمیلەکردن و تەبلیغاتی داگیرکەران کاریگەریی بووە لەسەر هەستی ناسیۆناڵیزمی گەنجان؟ ئایا گەنجی ئەم سەردەمە چەندە تامەزرۆی ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی ناوەندە و تا چەند ئاگایی نەتەوەیی هەیە؟ ئایا لاوەکان بەو قەناعەتە گەشتوون کە تا دیکتاتۆرییەت هەبێ هیچ مافێکیان پارێزراو نییە؟ ئایا لە توانایاندا هەیە بزوێنەری شۆڕشێک بن؟

لە دوای لێکدانەوەی وڵامی ئەو پرسیارانە دەبێ قوناغی دواتر کە هەنگاوی کردەییە دەست پێبکات و کە گەنجان بە مافەکانیان ئاشنا بکەین هەم وەک مافی تاک و هەم مافی نەتەوەیی کە لە سێبەری ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا ئەم کارە زۆر ئاسانترە بەنیسبەت شۆڕشەکانی پێشووترەوە.

ئەمجار دەبێ سازمان بدرێن و ئەرکیان پێ بسپێردرێت و هەر کەس بە گوێرەی توانا و لێهاتوویی لە هەر کام لە ڕەهەندەکانی خەباتدا کاریان پێ  بسپێردرێت تا بتوانن هەست بەوە بکەن کە دەتوانن لە شۆڕشدا بەشدار  و ئەرکدار بن و هەم متمانەبەخۆبوونیان زیاتر بێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەبێ لەلایەن ڕێبەرایەتیی شۆڕش، حیزبە سیاسی و ڕێکخراوە سێنفییەکانەوە هەموو کاتێک ڕێنوێنی و "خەتی فیکر"یان پێ بدرێت و وا بار بهێندرێن کە لە هەموو ڕووداو و پرسە گرینگەکاندا لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی نەتەوەییدا هەڵسوکەوت بکەن.

کاتێک ئەم چەند قۆناغە تێپەڕ بوو کەموکۆڕییەکان، خاڵە لاواز و بەهێزەکان دیاری دەکرێن بۆ جاری دیکە و قۆناغی دواتر لاوازی و کەموکۆڕییەکان وەلا دەنرێت و خاڵە بەهێزەکان زەق دەکرێنەوە  و تا بەرهەمی زیاتری ببێت تا دوایی بۆمان دەردەکەوێت کە تێکۆشانی لاوەکان و پەیوەندیی نەوەی نوێ لەگەڵ حیزب و ڕێبەرایەتیی شۆڕش شوێندانەری پۆزەتیڤ دەبێت و کۆمەڵگایەکی ئاگا و هۆشیارمان هەیە و دەتوانین خۆمان بۆ شۆڕشێکی بەهێزتر و ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری و پلان بۆ داڕێژراو تەیار و پڕچەک بکەین و چینی گەنج و لاو بکەینە چینی بزوێنەری کۆمەڵگا.

ئەگەر ئەم کارانەمان کرد ئەوا خۆمان و گەنجەکانی نەتەوەکەمان بە چەکی ئاگایی و خوێندەواری و مافناسی تەیار کردووە، بۆمان دەردەکەوێت کە لەلایەک بە باشترین شێوە پیلانەکانی دوژمن پووچەڵ دەکەینەوە و هەم زەریای خۆشەویستیی خەڵک و هەم کێوی باوەڕ بەخۆبوونی گەلەکەمان و گەنج و سەرمایەی نەتەوەکەمان کە لاوەکانمانە وەک گەورەترین پشتیوان بۆ داهاتوویەکی گەش و ئاسۆیەکی ڕوون ئامادە کردووە.

ئەگەر ئێمە چینی گەنجی نەتەوەکەمان وەک گەنجینە و سەرمایە چاو لێبکەین ئەوا هەردەم وەک گەنجینەیەکی پڕ خێروبێر و هەتاهەتایی لە هەژاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و بێ ئاگایی دەمانپاریزێت و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبینە نەتەوەیەکی خاوەن کیانێکی سەربەخۆ.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.