کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چی کردووە و چی دەکات!

12:36 - 8 خاکەلێوه 2720

شەماڵ مینبەری

کۆرۆنا چەندە پەتایەکی کوشندەیە بۆ سەر مرۆڤایەتی و گیانی هاووڵاتییان، بە هەمان شێوەش کاریگەریی خۆی لەسەر ئابووری دەبێت، تەنانەت دوای نەمانی ئەم پەتایەش کاریگەریی خۆی لەسەر ئابووری  بەئاسانی هەڵناگرێت. گرنگترین قوربانییەکانی هەتا ئێستا، کۆمپانیاکانی گواستنەوەی هێڵە ئاسمانی، کەشتیگەری و بازاڕی پشکەکانن و مانەوەی تاکەکان لە ماڵەکانیان شکاندنی ڕیکۆردی بێکاری و زیانێکی زۆرە لە کار کە هەتا ئێستا زیانەکانی ئەم بێکاری و زەرمەرمەندبوونییانە بۆ هیچ لایەک بەتەواوی ڕوون نییە.

وڵاتە دەوڵەمەند و سەرمایەدارەکان،هەڵدەستن بە زیادکردنی نرخی سوود لە بانکەکانیان و هاوکاریکردن بەدەستی کار و بەوەشەوە ناوەستن و پارە دەخەنە نێو بازاڕەکانەوە.

"لە ڕاستیدا ئەسڵی بابەت تەنیا بابەتی ئێستای ئابووری نییە، بەڵکوو ئەوەیە کە دەبێ لە کام ئامرازی ئابووری کەڵک وەربگرین بۆ دەربازکردنی ئەم قەیرانە"، ئەمانە وتەی "ستیڤن منوچنی"، وەزیری خەزێنەی ئامریکا بوون. ئامریکا وەکوو گەورەترین ئابووریی جیهان بەڵێنیی بارگاویکردنی وڵاتەکەی بە بڕی یەک تریلیۆن دۆلار داوە و بانکی ناوەندیی ئامریکا نرخی سوودی بانکیی نیو لەسەد زیاد کرد، کە دواجار ساڵی ٢٠٠٨ بوو لە کاتی قەیرانی ئابووریی جیهانیی ئەو ساڵەدا نرخی سوودی زیاد کرد.

لەلایەکی تریشەوە لێدوانی سەرۆک "ترامپ"، سەبارەت بە ڕێگەنەدان بە چوونە ژوورەوەی ئورووپاییەکانیش بۆ ئامریکا، هەتا ئەگەر نائاگاییانەش بێت ئەم لێدوانە، بە جۆرێک کاریگەریی لەسەر بازاڕی پشکەکان هەبوو کە لە ساڵ ١٩٨٧ بەولاوە وەها دابەزینێکی بەخۆیەوە نەدیوە.

نزمبوونەوەی نرخی نەوتیش گەیشتووەتە نرخێک کە شەش مانگ لەمەوبەر بۆ هیچ کارناسێک پێشبینی نەدەکرا، بەو جۆرە دابەزین بە خۆیەوە ببینێت، بەڵام لە هەمان کاتدا "ئەمین ناسری" بەڕێوەبەری کۆپانیای میللیی سعوودیا (ئارامکۆ) ڕایگەیاند کە لە مانگی ئەپرەیلەوە ڕێژەی بەرهەمەکانیان زیاد دەکەن و  بەرهەمی ڕۆژانەیان دەگەیەنن بە ١٢ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار بەرمیل کە ئەمەش ٣٠٠ هەزار بەرمیلی لە توانای کۆمپانیا ئارامکۆ بەدەرە و سعوودیا دەبێ لە یەدەگی خۆی کەڵک وەربگرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئۆپێک و ڕووسیە نیازیان وابوو ڕۆژانە یەک ملیۆن و نیو بەرمیل نەوت لە بەرهەمهێنانی خۆیان زیاد بکەن، بەڵام لەسەر ئەم پێشنیارییەکان نەگەیشتنە ڕێککەوتن و بەمەش نرخی نەوتی ڕووسیە و عەرەبستان بە ڕێژەی ٢٥ لەسەد دابەزینی بەخۆیەوە بینی.

بڕیاری زیادکردنی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی سعوودیەش لە کاتێکدایە کە لە مانگی ژوئەندا، "ئەلێکساندەر نەواکی"، وەزیری وزەی ڕووسیە، داوای ئامادەبوونی ڕووسیەی بۆ  دانووستان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە ئوپێکدا کرد، بەڵام "عەبدولعەزیز بێن سەلمان" بەو داوایە ڕازی نەبوو.

سەرەڕای ئەو جەنگ و ململانێی لە بازاڕی نەوتدا بوونی هەیە لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پێشبینی گورزگەلێکی دیکەی ئابووری لەبەردەماندایە، بەهۆی داخستنی خاڵە سنوورییەکانی نێوان وڵاتان و نەمانی گواستنەوە و قەرەنتینەبوونی شارەکان و نەبوونی متمانە بە داهاتووی بازاڕ دەرهەق بەم قەیرانە ئابوورییەی کە هەموو دنیای گرتووەتەوە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.