کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چیرۆکی دەسبەسەرکرانی گەندەڵکارانی شارەداریی مەهاباد درێژەی هەیە

12:01 - 10 خەرمانان 2720

شارەداریی مەهاباد کە بەهۆی گەندەڵی بەشێکی زۆر لە کارمەندەکانی دەسبەسەر کراون، ئەمجارە کارمەندانی فەرمانداریی مەهابادیش بەهۆی گەندەڵییەوە دەسبەسەر دەکرێن.

بەپێی زانیارییەکان "سامان ڕاهنما" یەکێکی دیکە لە کارمەندانی شارەداریی مەهاباد بەهۆی گەندەڵییەوە دەسبەسەر کراوە.

دۆسیەی گەندەڵیی شارەداریی مەهاباد تەنیا تایبەت بەو ئیدارەیەی ڕێژیمی ئێران نەبووە و کارمەندێکی فەرمانداریی ئەو شارەش بە ناوی "هاشم کیانی" جێگری فەرمانداری، بەهۆی گەندەڵیی ماڵییەوە دەسبەسەر کراوە.

ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژ پێنج کەس دەسبەسەر کرابوون کە شوناسیان بەمجۆرە ڕاگەیەندرابوو: "ئارمان کەریمی، فاخر بایزیدی (بنەماڵەیەکی سەر بە ڕێژیمی ئێران)، ئاوارە (عومران) عەلیزادە، سەید حەسەن سەید ئەمینی (بەرپرسی ئەملاک) و سەعید مستەفا نژاد".

ئەو ٥ کەسە لە کارمەندانی شارەدارین و لە بەشی شارسازیدا کار دەکەن. هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو کەسانە بۆ گەندەڵی و دزی دەگەڕێتەوە.

ڕێکەوتی ٨ی گەلاوێژیش، دوو کەسی دیکە لە ئەندامانی ئەو شورایە بە ناوەکانی "یووسف ئەحمەدپوور و تاهیر نیازمەند" لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون.

هەتا ئێستا نزیک بە ٢٠ کەس لە کارمەندانی شارەداری، مەسکن و شارسازی و فەرمانداریی ڕێژیم بەهۆی دزییەوە لە مەهاباد دەسبەسەر کراون.

شارەداریی مەهاباد بە ویستی خەڵک دانەنراوە و ئەو ئیدارەیە خزمەتگوزای ناکات. شارەداریی مەهاباد وەک یەکێک لە ئیدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران جیا لەوەیکە تەنگی به خەڵک هەڵچنیوە، لە هەمان کاتیشدا ڕێگری لە دروستکردنی بیناسازی لە خەڵک دەکات.

هاووڵاتییانی مەهاباد به دانانی "کامران فاتح" وەک شارەداریی ئەو شارە ناڕازین، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناوبراو پێشتر لە شارەداریی پیرانشاردا گەندەڵیی کردووە و یەکێک له مۆرەکانی ڕێژیمی ئێرانە.