کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چیرۆکی مەم و زین بە دوو زمانی زیندووی دنیا وەرگێڕدرایەوە

13:42 - 9 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: چیرۆکی بەناوبانگ و گرینگی "مەم و زین" لە زمانی کوردییەوە به دوو زمانی ئاڵمانی و ئینگلیزی وەرگێڕدرایەوە.

چیرۆکی ئەوینداریی "مەم و زین" لە نووسینی "ئەحمەدی خانی"، شاعیری گەورەی نەتەوەی کورد، لە لایەن "فەریاد فازڵ عومەر" و ناوەندی لێكۆڵینەوەی کوردی لە بێرلین وەرگێڕدرایە سەر دوو زمانی ئینگلیزی و ئاڵمانی.

ئەحمەدی خانی (١٦٥١-١٧٠٧) شاعێر و نووسەر و ڕۆشنبیری گەورەی کورد بووە. ئەحمەدی خانی لە یەکەم کەسانێک لە قەڵەم دەدرێت، کە لەسەر کوردایەتی و نەتەوەخوازیی کورد نووسیویەتی. بەناوبانگترین بەرھەمی ئەم شاعێرە، شێعری مەم و زینە، کە چیرۆکێکی ئەویندارانەیە، کە لە ساڵی ١٦٩٢ بە شێوەزاری کورمانجی نووسراوە.

مەم و زین، چیرۆکی ئەوینداریی دڵتەزێنی کوڕێک بە ناوی مەم و کچێک بە ناوی زینە، کە ئەحمەدی خانی شاعیری گەورەی کورد لە ساڵی ١٦٩٢دا،  لەسەر بنەمای چیرۆکێکی ڕاستەقینە بە شێوەزاری کرمانجی کردوویەتی بە مەسنەوییەکی بەنرخ و درێژ. خانی ڕووداوەکانی نێو داستانەکەی لە (٢٥٥٠) دێڕ داڕشتووە. مەم و زینی ئەحمەدی خانی، یەکێک لە بەرھەمە گرینگەکانی وێژەی کلاسیکی زمانی کوردییە. یەکەمجار لە ١٩١٩ لە ئەستامبوڵ چاپ کراوە، ھەژار شاعێر و نووسەری کورد، ھەر بە ھۆنراوە بۆ زاراوەی سۆرانی وەریگێڕاوە.

بەرھەمەکانی خانی بریتین: "عەقیدەیا ئیمانێ"، بە پەخشان و ھۆنراوە، کە سەبارەت بە پێنج کۆڵەکەی ئیمان لە ئیسلامدا نووسراوە. ساڵی ٢٠٠٠ لە سوئید چاپ کراوە.

"نووبەھارا بچووکان"، ١٦٨٣، فەرھەنگۆکێکی عەرەبی – کوردی کە بە شیعر، بۆ منداڵانی کوردی داناوە، کە فێری زمانی عەرەبی ببن، کە ئەو سەردەمە زمانی دین و زانست بووە. یەکەمجار لە ١٩٢٦ لە ڕەواندز چاپ کراوە.

"مەم و زین"، ١٦٩٢، یەکەمجار لە ١٩١٩ لە ئەستامبوڵ چاپ کراوە.

دیوانی ئەحمەدی خانی، کە بریتییە لە غەزەل و قەسیدە، لە لایەن عەبدولڕەحمان دوڕەوە شرۆڤە کراوه.