کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چیرۆکی ناتەواوی بوومەلەرزەی کرماشان

12:16 - 7 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: چیرۆکی تاڵی ماڵوێران کردنی بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان کۆتایی نییە و هەر ڕۆژ ڕووداوێکی تازە یەخەیان دادەدڕێت.

نزیک بە ١٠ مانگ لە کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان تێپەڕ دەبێت، بەڵام لەرزین و ماڵوێرانی و ئاوارەیی لە کرماشان هەر بەردەوامە و ژیان لەو ناوچانە هێشتا ڕەنگی ئاسایی بە خۆوە نەدیوە، وەرزەکان تێپەڕ دەبن و سەرما و گەرما جەستەیان ئازار دەدات؛ خەمی ژیان، داهاتوو و نیشتمان لە نێو خێوەتەکاندا، تێکەڵ بە ئازاری کەمتەرخەمی، ستەم و هەڵاواردنی داگیرکەر بووە و رۆحی مرۆڤەکان لە ئازاردایە.

ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی سروشتەوە، ساڵێکە دەرفەتی بۆ ڕەخساوە هەتاکوو پلانە دژە مرۆڤانەکانی و سیاسەتە فاشیستییەکانی لە کوردستان بەرەو پێش ببات و بە کەڵکاژۆ وەرگرتن لە ڕووداوی سروشتی بوومەلەرزە جوغرافیای سروشتی و ئینسانی ئەو بەشە لە کوردستان تێک بدات.

وەکوو کولتور و ئەدەبیاتی درۆ کە بناغەی سیستمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە، لە یەکەم ڕۆژەکانی ئەو ڕووداوە بەرپرسان بەڵێنیان دا کە بە زووترین کات کێشە و گرفتەکان چارەسەر دەکەن و خەڵک دەچێتە نێو ماڵی خۆی، بەڵام هەتا ئێستایش پاش دە مانگ خەڵک هێشتا ڕەنگی ئاسایشیان بە خۆیانەوە نەدیوە.

لە ماوەی ئەو دە مانگەدا بە هەزاران پاش‌لەرزە لەو ناوچانەدا ڕوویداوە و لە نوێترین پاش‌لەرزەشدا لە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بوومەلەرزەیەکی ٦.١ ریشتری، دیسان کرماشانی هەژاند و قوربانی لێکەوتەوە.

١٠ مانگە کە هەر ڕۆژە و هەواڵێکی ناخۆش لەو ناوچانە بڵاو دەبێتەوە: ژیانی ئاوارەیی، بێئاوی، نەبوونی پێداویستییە سەرەکی و سەرەتاییەکانی ژیان، نەخۆشی، سەرما و گەرما، گیان لەدەستدانی منداڵان، خۆکوژی و... هتد.

لە تازەترین گرتە ویدیوییەکاندا کە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوونەتەوە، خەڵکی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانی کرماشان سات بە سات لەگەڵ ئەو کێشە و گرفتانە بەرەوڕوون و ڕێژیم لەوپەڕی کەمتەرخەمی خۆیدا لە ڕاستای سیاسەتە فاشیستییەکانی، لەو ناوچانە تەنیا چاودێری دەکات کە پلانەکانی بە تەواوەتی جێبەجی بن و چاو لە لەنێوچوونی کوردستان کە سیاسەتی سەرەکییەتی دەکات.

بۆ ئەو ڕێژیمە، سوریە و خەڵکی ئەو وڵاتە گرنگترن و هەر ڕۆژەو پرۆژەیەکی ئاوەدانی لە سووریە دەستپێدەکات و داهات و سەرمایەی کوردستان بۆ ئاسایشی خەڵکی سووریە سەرف دەکات و بەرپرسانی ڕێژیم بە سەردان و بەسەرکردنەوەی شار و گوندەکانی سووریە وەکوو خەمخۆرێک لە پێناو سیاسەتەکانیان لە سینگی خۆیان دەدەن بۆ ئەو خەڵکە و کوردستان و خەڵکەکەیشی لەنێو بچن هیچ بۆیان گرنگ نییە.