کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چین لە نێوان نەوتی عەرەبستان و ئێراندا

13:15 - 4 رەشەمه 2718

نەوید کەرەمی

چینییەکان هەتاکوو ئێستا مەزنترین کڕیارانی نەوتی ئێران بە ئەژمار هاتوون، بەڵام ئاماژەکانی کۆتایی ئەو بازرگانیانە لە پێکەنەوە دەرکەوتوون.

پاش ئەوەیکە لە ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ١٣٩٧ هەتاوی (بە ٨ی مەی ٢٠١٨ی زایینی)، دانڵد ترامپ بە فەرمی لە ڕێککەوتننامەی بەرجام کشایەوە و داوای لە وڵاتان کرد هەتاکوو واز لە پێوەندییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بهێنن، هەڕەشەو چاوسورکردنەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بەرە بەرە جێگای خۆیان بە بێدەنگی و پاڕانەوە داوە.

وڵاتی چین کە یەکێک لە جەمسەرەکانی ئابووریی جیهان بە ئەژمار دێت، هەتاکوو ئێستا یەکێک بووە لە بەهێزترین کڕیارانی نەوتی ئێران و ئێرانییەکانیش هەموو هەوڵی خۆیان داوە کە ئەو وڵاتە بە هەموو شێوەیەک ڕازی بکەن، هەتاکوو بەردەوام بێت لە کڕینی نەوتی ئێران، کە خۆی لە خۆیدا بە جۆرێک وەڵامدانەوە بێت بە ئامریکا.

ئەگەرچی ئۆپێک بە هۆی گەمارۆکانی ئامریکا بۆسەر نەوتی ڕێژیمی ئێران، نیگەرانی هەڵکشانی نرخی نەوت و تێکچوونی بازاری هەبوو، بەڵام ڕیاز ڕایگەیاندبوو کە بە بردنەسەرەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی خۆی دەتوانێ قەرەبووی نەوتی ئێران لە بازاڕەکانی جیهانیدا بکاتەوە.

پاش کشانەوەی زۆرێک لە وڵاتان و چوونەدەرەوەی کۆمپانیاکان لە مامەڵە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، ئێستاکە وا دێتە بەرچاو کە مەزنترین کڕیاری نەوتی ئێرانیش دەستی ڕەد بە سینگی ڕێژیمی ئێرانەوە دەنێت و لە بەرانبەردا بۆ دابینکردنی نەوتی پێویستی خۆی ڕوو لە ڕیاز دەکات.

تۆتاڵی فەڕانسه، هاوینی ئەمساڵ پاش وەگەڕخرانەوەی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، مامەڵەکانی خۆی لەگەڵ تاران پساند و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش ڕایانگەیاند، که لە پرۆژەی پەرەپێدان بە فازی ١١ی پارسی جنووبی لە باتی فەڕانسە، چینییەکان هاوکارییان دەکەن.

ئەگەرچی کۆمپانیای تۆتاڵ و کۆمپانیای میللیی نەوتی ئێران، لە ڕێککەوتنێکی هاوبەشدا، کۆمپانیای نەوتی چینیان وەکوو جێگرەوەی تۆتاڵ دیاری کردبوو، بەڵام تاکوو ئێستا کۆمپانیا چینییەکە هیچ کارێکی بۆ هاوکاری ئێران لەو پرۆژەیەدا نەکردووە.

لە لایەکی دیکەوە خەریکە پێوەندییەکانی چین و ڕیاز گەرمتر دەبنەوە و دەچنە قاڵبێکی تازەترەوە و بڕیارە کە محەممەد بن‎سەلمان لەم ڕۆژانەدا بە سەردانێک بچێتە پێکەن.

شی جین‎پینگ، سەرکۆماری چین لە بەرەبەرەی ئەو سەردانەی محەممەد بن‎سەلماندا لە پێکەن چاوی بە عەلی لاریجانی، سەرۆکی مەجلسی ڕێژیمی ئێران کەوتووە و بە مەبەستی پەرەدان بە شێوازێکی نوێ لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکاندا، داوای متمانەی زیاتر و پەرەدان بە هاوکاریی دوولایەنەی لە بوارەکانی "دابینبوونی ئەمنییەت"، "بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تیرۆریزم"، "هاتووچۆی نێوان خەڵکی ئێران و چین" و هەروەها "هاوکاری زیاتر لە پێوەندی لەگەڵ پرسە نێونەتەوەییەکان"ی لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێرانی کردووە.

بە سەرنجدان بەو هەڵسوکەوت و داواکارییانەی بەرپرسانی چینی و هەروەها بەڵێنی پێشووتری عەرەبستان بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی نەوتی ئێران لە بازارەکانی جیهانیدا، وا دێتە بەرچاو کە چینییەکانیش بڕیاری ئەوەیان دابێت کە کۆتایی بە مامەڵە نەوتییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بهێنن و ڕووی خۆیان بکەنە ڕیاز بۆ دابینکردنی نەوتی پێویستی وڵاتەکەیان.

ڕێژیمی ئێران بەهۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی ناسالم لە پەیوەندییەکانی و دەستێوەردان، پەرەدان بە تێروریزم و ئاژاوەنانەوە لە وڵاتاندا، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە ئاست جیهانیدا تەریکتر کەوتووەتەوە و دۆستەکانیشی لەدەست دەدات و هەر ڕۆژ دەرگایەکی نوێی بەڕوودا دادەخرێت.

ئەو ڕەوتە ژیانی خەڵکی ئێرانی تاقەتپڕووکێن کردووە و ئێران لە ناوخۆدا تووشی دەیان و سەدان قەیرانی جۆراوجۆر بووەتەوە، کە بە هیچ یەک لە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە چارەسەر ناکرێت.

لەوبارەوە مەسعوود خانساری، بەرپرسی ژووری بازرگانی تاران، لە کۆنفرانسێکدا وێڕای ئاماژە بە کێشە ئابوورییەکانی ئێران ڕایگەیاندبوو کە  ١٠ تا ٥٠ کۆمپانیای گەورە لە ماوەی یەک حەوتوودا لە ئێران دادەخرێن و ڕۆژ نییە کە سەدان کرێکار بێکار نەبن، هەروەها ناوبراو باسی لەوە کردبوو کە لە ساڵی ڕابردوودا، لە کۆی ١٥٠٠ کۆمپانیای پەیمانکاری نەوت، ٨٠٠ کۆمپانیا داخراون.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە ڕێژیمی ئێران نە لە ناوخۆدا ڕەواییەکی ماوە و بە هەڵسوکەوتە خراپەکانی خۆی لە ئاست نێونەتەوەییشدا خەریکە دۆستەکانی خۆی لەدەست دەدات، بەرە‎بەرە ئەو ولاتانەی کە هەتاکوو ئێستا بەهۆی پێویستیان بە نەوتی ئێران پشتیوانیان لەو حکوومەتە دەکرد، پشتی لێ دەکەن و لێی دەکشینەوە، کە بە دڵنیاییەوە ئەو کاتەش کە چینییەکان نەوتی عەرەبستان لە گەرووی هورمزەوە بۆ وڵاتەکەیان دەگوازنەوە، ڕێژیمی ئێران هیچی لەدەست نایەت و ناتوانێت چووکەترین کێشە ساز بکات.

واتە کۆمەڵگای جیهانی لەڕێگای دۆستەکانی خۆیەوە گەرووی ڕێژیمی تیرۆریستپەروەری ئێران دەگوشیت و کۆتایی بە هەموو ئاژاوەکانی دێنێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.