کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چین لەبەردایە ئێران بکاتە ناوەندێکی گەورەی سیخوڕی لە جیهاندا

12:25 - 19 خەرمانان 2720

چین و ڕێژیمی ئێران کە بەردەوام پێوەندییەکانیان لە هەموو بوارێکەوە چڕ دەکەنەوە، لە گرێبەستی ٢٥ ساڵەی نێوانیاندا، بڕیارە چین ئێران بکات بە ناوەندێکی گەورەی سیخوڕی لە جیهاندا.

بەپێی زانیارییەکان کە "سایمۆن واتکینز" هەواڵنیری بریتانیایی لە زاری سەرچاوەکانی نێوخۆی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، قۆناغی داهاتووی ڕێککەوتنی ٢٥ ساڵەی نێوان چین و ڕێژیمی ئێران دامەزراندنی سیستمی سیخوڕی و شەڕی سایبێری لە کەناراوی چابەهاره.

ئەو سیستمە بە شێوەیەکی بەرین خەڵکی ئێران کۆنترۆڵ دەکات و هاوشیوەی سیستمی چینه. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە لە کۆتایی ئەو ستراتیژییەدا ئێران دەبێتە بەشێک لە جوغرافیای سیاسیی چین.

بڕیارە ئەو گەڵاڵەیەی سیخوڕی لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا جێبەجێ بکرێت و خەڵکی ئێران بکەونە  ژێر چاودێرییەوە.

لەو گەڵاڵەیەدا دەوڵەتی پکەن ١٠ ملیۆن کامێرای "CC TV" (دوربین مداربەستە) لە ٧ شاری پڕ حەشیمەتی ئێران و ٥ ملیۆن کامێرای "CC TV" لە ٢١ شاری دیکەی ئێران دادەنێت.

سەرجەم ئەو کامێرایانە ڕاستەوخۆ لەلایەن دەوڵەتی چینەوە کۆنترۆڵ دەکرێت. لە داهاتوودا چین دەتوانێت لە ئاستی گشتی و ناوچەییدا هەڵسوکەوتی تەنانەت تاکاکەنیش کۆنترۆڵ بکات.

لەلایەکی دیکەوە چین کە گەورەترین سانسۆرچیی ئێنتێرنێت لە جیهاندایە، دەیەوێت نموونەی "ئینتیرنێتی میللیـ"ـی خۆی لە ئێراندا دابمەزرێنێت و لە پەنای ئەویشدا زمانی چینی بە جێگای ئینگلیزی فێری خەڵک بکات.

لەو گەڵاڵەیەدا کارخانه و ناوەندە ئابوورییەکانی چین لقەکانیان لە ئێراندا دەکەنەوە. هەروەها هێزی نیزامیی چین دێتە ئێران و لە پایگا و فڕۆکەخانەکانی هەمەدان، بەندەر عەباس، چابەهار و ئابادان جێگیر دەبن.

بەپێی زانیارییەکان لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا نزیک بە ٥٠ هەزار نیزامی و میلیشیای نیزامیی چین و ڕووسیە بۆ پاراستنی شیرکەتەکانی چین دێنە ئێران.

کارناسانی سیاسی باس لەوە دەکەن، ئەو گرێبەستەی نێوان چین و ڕێژیمی ئێران فرۆشتنی جوغرافیای ئێرانە بە وڵاتێکی بێگانه.