کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چین نەوتی ئێران بە هەرزانترین نرخ و ئاسانترین ڕێگا دەکڕێت

19:23 - 14 گەلاوێژ 2720

بەشی داشکاندنەکان و وەرگرتنی نەوتی هەرزانی ئێران بەپێی ڕێککەوتنی نهێنیی نێوان ئێران و چین دەستی پێکردووە کە لە ماوەی مانگەکانی ساڵی ٢٠٢٠دا، "پێکەن" ڕۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی بێ ئەوەیکە تۆمار بکرێت لە ئێران وەرگرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی تایبەت کە "ئۆیل پرایس" بڵاوی کردووەتەوە، بازرگانیی نەوتی هەرزان بە داشکاندنی ١٢ دۆلار بۆ هەر بەرمیل نەوت و تەنانەت بە بێ پێدانی پارە بەشێوەی ڕاستەوخۆ، لەنێوان پێکەن و تاراندا دەستی پێکردووە.

چین بەشێک لە حەقدەستی خۆی بۆ پەرەپێدان بە مەیدانی نەوتیی "یادئاوەران" پێش دەستپێکردن بە پڕۆژەکە بە شێوەی نەوت وەرگرتووە.

بەپێی ئەو زانیارییانە لەماوەی نێوان ١٢ی جۆزەردان هەتا ٣١ی پووشپەڕدا، چین بە شێوەی نێونجی ڕۆژانە ١٥٩ هەزار بەرمیل نەوتی بە شێوەی ڕاستەوخۆ، ١٣٣ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا لە ڕێگای گواستنەوەی تانکێر بە تانکێر و لەژێر ناوی نەوتی "مالزی و ئەندۆنێزی"، ٢٤ هەزار بەرمیلی دیکەی ناوی بە نەوتی "عێراق" و ٢٢ هەزار بەرمیلیشی لە ڕێگای کڕین لەلایەن شیرکەتە پاکستانییەکانی نەوتەوە لە ئێران وەرگرتووە.

لەو ڕاپۆرتەدا ناوی سێ نەوتهەڵگریش هاتووە کە بەشێوەی بەردەوام لە نێوان ئێران و چیندا خەریکی گواستنەوەی نەوتن.

ئەو نەوتکێشانە نەوتەکانیان لە ئاوەکانی "مالزی، کەنداو یان ئاوەکانی عێراقـ"ـدا بە تانکێرە بچووکترەکان دەدەن یان ڕاستەوخۆ دەیانبەنە کەناراوەکانی چین.

"ئۆیل پرایس" هەروەها بڵاوی کردووەتەوە، دەوڵەتی تاران خەریکی دانوستاندنی چڕ بۆ هاوکاریی نوێ لەگەڵ ڕووسیەدایە هەتا پشکێکیش بە ئەوان بدات.