کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چینی هەژاری ئێران، هەژارتر دەبێتەوە

11:54 - 27 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: مامۆستایەکی زانکۆ لە ئێراندا چاوەڕوانییەکان لە هەڵاوسان و زۆربوونەوەی ئاستی نەختینەیی به هۆکاری هەڵاوسان زانیوە.

کەماڵ تەیبی، ئەندامی هەیئەتی زانستیی زانکۆی ئێسفەهان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیسنا، ئاماژەی به ڕەوتی ڕوو بە هەڵکشانی هەڵاوسان و کاریگەرییەکانی لەسەر زۆربوونەوەی هەژاری لە نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا کردووە و ڕایگەیاندووە: "دیاردەی هەڵاوسان بووەتە هۆی ئەوەی کە چینی مامناوەندی کۆمەڵگا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، هێزی کڕینی کەم بێتەوە کە ئەمە هەژاریی چینی مامناوەندی بەدواوە دەبێت".

نابراو چاوەڕوانییەکان لە هەڵاوسان و هەروەها زۆربوونەوەی ئاستی نەختینەیی به هۆکاری هەڵاوسان زانیوە و ئەمەی وەکوو هۆکارێک ناو برد، بۆ ئەوەی کە چینی مامناوەندی کۆمەڵگا کە مووچە وەر دەگرن و داهاتێکی نەگۆڕیان هەیە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هیزی کڕینیان کەم دەبێتەوە کە ئەمە دەبێتە هۆی هەژاریی چینی مامناوەند.

ئەم مامۆستایە بە ئاماژه به گەڵاڵە پشتیوانییەکان ڕایگەیاندووە: سەبەدی کاڵا یا بەستە پشتیوانییەکانی دیکە لەم دۆخە ئابوورییەدا وەکوو دەرمانی هێورکەرەوەیە و ناتوانێت هیچ چارەسەرییەکی کۆتایی بۆ دیاردەی هەژاری بێت. ڕاستی ئەمەیە کە تا کاتێک لە بیاڤی هەژاریدا ڕێفۆرمی ساختاری ڕوو نەدات، هیچ کارێک ناکرێت.

هەر لەم پێوەندییەدا پێشتریش، سەلمان خودادادی، بەرپرسی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاندووە: دۆخی نوێ بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەوانەی کە ژیانێکی مامناوەندیان هەبووە، بکەونە ژێر هێڵی هەژاری کە ئەمە دەبێتە هۆی نەمانی چینی مامناوەند و تەنیا دەبێتە هۆی ئەوەی کە مەودای نێوان هەژار و ساماندار زیاتر بێتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەم حاڵەوە، ئێمکانی درێژەدانی ژیان بۆ چینی لاوازی کۆمەڵگا بوونی نییە؛ هەروەها وتوویەتی: لە دۆخێکدا کە نرخی دۆلار چەند قات زیاتر بووەتەوە نرخەکان سێ قات زیاتری بووە، بەڵام لە بەرانبەردا داهاتەکان زیادی نەکردووە. هەنووکەش داهاتی خەڵک بە نیسبەت پێشوو یەک لەسەر سێ کەمی کردووە و هێزی کڕینیش بەو نیسبەتە کەمی کردووە، کەوابوو ڕێژەی ئەوانەی کە لە ژێر هێڵی هەژاریدان زیاتر بووەتەوە و ئەوانەی کە زیاتر لە ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار داهاتیان هەیە، لە ژێر هێڵی هەژاریدان و ئەوانەی کە ٧ میلیۆن داهاتیان هەبووە و ژیانێکی ئاسوودەیان هەبووە. لە دۆخی نوێدا داهاتیان گەیشتووەتە ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار واته یەک لەسەر سێ کەمی کردووە و ئەم کەسانە لە ژێر هێڵی هەژاریدان.