کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چینییەکی فرۆشیاری کەرەستەی چەک بە ڕێژیمی ئێران کەوتە نێو لیستی گەمارۆوەکانی ئامریکاوە

15:55 - 3 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بازرگانێکی چینی بە هۆی ئەوەی کە کەرەستەی پێویست بۆ دروستکردنی چەک بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەفرۆشێت، خراوەتە لیستی گەمارۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە.

بازرگانێکی وڵاتی چین، بە نێوی "کارل لی" ناسراو بە "لی فنگوی"، کە خاوەنی چەند کۆمپانیایەکە، بە هۆکاری بازرگانی و فرۆشتنی کەرەستەی پێویست و هەستیاری بواری دروستکردنی جۆرەکانی چەک بەتایبەت کەرەستەی هەستیاری دروستکردنی مووشەکی بالستیک بە ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە، ۱ی مانگی جۆزەردان، خراوەتە لیستی گەمارۆوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە و لە لایەن پۆلیسی فیدراڵی ئامریکا "F B I" ئێف بی ئای، بڕیار گرتنی دراوە و لە ژێر چاوەدێریدایە.

ماڵپەڕی هەواڵدەریی هەفتەنامەی "نیوزویک"، لەم بارەوە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە، ۱ی جۆزەردان، ئەو بازرگانە چینییە و کۆمپانیاکانی خستووەتە لیستی گەمارۆوەکانی ئامریکاوە و لە بەشی بەڵگەکانی حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، تۆماری کردووە.

لە بەشێکی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: "ئەو هاووڵاتییە چینییە و کۆمپانیاکانی، بە ڕادەستکردنی ژمارەیەک کەرەستەی هەستیاری دروستکردنی مووشەکی بالستیک و کەرەستە و کەلوپەلی شوێنهەڵگر و خاڵپێک و بڕێکی سیکەی کەرەستە و کەلوپەلی دروستکردنی چەک بە ڕێژیمی ئێران، تاوانبارە".

ڕۆژی دووشەممە، ۲۳ی بانەمەڕ، بڵاڤۆکی "هیڵـ"ـی کونگرێسی ئامریکا، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە ۱۲ کۆمپانیا و کەسایەتیی ۳ وڵات کە شەش کۆمپانیایان لە وڵاتی چیندا بووە، بە هۆکاری پێشێلکردنی گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران و ڕادەستکردنی کەرەستە و کەلوپەلە هەستیارەکانی ئامریکا بۆ دروستکردنی چەک و بەتایبەتی چەکی کۆمەڵکوژ بەو ڕێژیمە، لە لایەن وەزارەتی بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە سزا دران و لە لایەن ئەو وەزارەتەوە گەمارۆیان بە سەردا پەسەند کرا.