کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەتەی کەنداو دەستی بەسەر کەشتییەکی دیکەدا گرت

17:10 - 13 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، باسی لە دەسبەسەرداگرتنی کەشتییەکی دیکەی دەرەکی کردووە کە بۆ بەندەری بووشێهر لە ئێران گواستراوەتەوە.

بەپێی هەواڵە بڵاو کراوەکان لە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی گەلاوێژ، پەیوەندییە گشتییەکانی ناوچەی ٢ی سپای تێرۆریستی پاسداران ڕایگەیاندووە: "کەشتییەکی دەرەکیی هەڵگڕی سووتەمەنیی قاچاخ، لە دەوروبەری دوورگەی فارس، بە دەستی هێزەکانی سپای پاسداران ڕاگیراوە".

لە درێژەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "لە درێژەی چالاکییەکانی شوێنهەڵگرتن و کۆنترۆڵی هاتوچۆکانی ڕێڕەوە ئاوییەکان لە کەنداودا، بە مەبەستی دۆزینەوە و پێشگرتن بە قاچاخی سیستماتیک، گەشتەکانی ناوچەی ٢ی هێزی ئاویی سپای پاسداران لە کەنداو، بە هەبوونی زانیاریی پێویستی ئیتلاعاتی و عەمەلیاتی و دڵنیابوون لە قاچاخی سووتەمەنی بە دەستی یەکێک لە کەشتییە دەرەکییەکان، لە هەوڵێکی لەناکاودا، ئەو کەشتییە کە هەڵگری ٧٠٠ هەزار لیتر سووتەمەنیی قاچاخ بووە، پاش هاوئاهەنگی و بەپێی حوکمی دەزگای دادوەری، لە دەوروبەری دوورگەی فارس ڕاگیراوە".

تا ئیستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بەوەی کە ئەو کەشتییە هی چ وڵاتێکە، بڵاو نەکراوەتەوە.

سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامی لە کەنداودا، تا ئێستا چەند جار و لە هەوڵگەلێکی تیکدەرانەدا، دەستی بەسەر کەشتیی بارهەڵگری وڵاتانی دەرەکیدا گرتووە و بەردەوامیش چەواشەی ئەو کردارانەی کردووە.